پەروەندەی فەریناز خۆسرەوانی، هەروا لە رەوتی یاسایی دایە

22:25 - 28 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: پارێزەری پەروەندەی فەریناز خۆسرەوانی داخرانی ئەو پەروەندەیە لە دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی رەت کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەکاتێکدا کە هەواڵەکان باس لە کۆتایی‌هاتنی رەوتی یاسایی و داخرانی پەروەندەی\"رووداوی مەهاباد\" لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی رۆحانییەوە دەکەن، هەژار عەباسی پارێزەری پەروەندی فەیناز خۆسرەوانی دەڵی: ئەو پەروەندیە هەروا کراوەیە.

ئەو پارێزەرە کوردە لە وتووێژێکی تایبەتدا، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو پەروەندەیە هەروا کراوەیە و لێکۆڵینەوە لە مەڕ ئەو پەروەندەیە درێژەی هەیە.

عەباسی لە درێژەی ئەو وتووێژەدا دەڵێ: بنەماڵەی فەریناز خۆسرەوانی لە نادر مەولودی خاوەنی هوتێلەکە و تاوانباری سەرەکی ئەو پەروەندەیە بە ناوی\" مورتەزا هاشمی‌وەند\"سکاڵایان تۆمار کردووە.

\"27013.jpg\"
هەژار عەباسی، پارێزەری پەروەندی فەیناز خۆسرەوانی
هەژار عەباسی لە درێژەدا دەڵی: مورتەزا هەشمی‌وەند، تاوانباری پەروەندەی فەریناز، لە دەستبەسەری دایە و بارمتەیەکی قورسی بۆ دانراوە.

ئەو پارێزەرە کوردە لە کۆتاییدا لە پەیوەندی لە گەڵ ئاکامی کۆتایی پەروەندەی فەریناز لە دەزگای قەزایی رایگەیاند: تاکوو ئێستا ئاکامی پەروەندەی فەریناز ناڕوونە و حوکمێک لەو بارەیەوە رانەگەیەندراوە.

چەند رۆژ پێش وەزارەتی ناۆخۆی دەوڵەتی رۆحانی بەبێ راگەیاندنی ئاکامی پەروەندەی فەریناز خۆسرەوانی، ئەو پەروەندەیەی داخراو راگەیاندبوو.

جێگری ئەمنیەتی و ئینتزامیی وەزارەتی ناوخۆ بە راگەیاندنی\"داخرانی پەروەندەی رووداوی مەهاباد\" لەو وەزارەتخانەیە، وتی: ئەوە راست نیە کە ئەو تاوانبارە مەئمووری دەزگای ئیتلاعات بێت و ئێمە گەیشتووینەتە ئەو راستیە کە هیچ مەئموورێکی دەوڵەتی یان ئیتلاعاتی لە ئەو رووداوە دەستیان نەبووە.

دووشەممە ١٤ی بانەمەری ئەمساڵ، کچێکی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی فەریناز خۆسرەوانی کە فەرمانبەری هوتێل\"تارا\" بوو، بۆ پاراستنی نامووسی خۆی و پێشگیری لە دەستدرێژی یەکێک لە دەست وپەیوەندییەکانی \"ئیدارەی ئیتلاعات\"، لە نهۆمی چواری ئەو هوتێڵەوە خۆی خستە خوارەوە و گیانی لەدەست دا.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی خۆکوژی فەریناز ،شەپوڵێکی بەرینی ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی شاری مەهاباد و چالاکانی تۆرە کۆمەڵایەتیەکانی لێکەوتەوە و پاش چەند رۆژ ئەم شەپۆلە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێرانی گرتەوە.

فەریناز خۆسرەوانی تەمەن ٢٦ ساڵە دانیشتووی شاری مەهاباد و بڕوانامەی کارناسی لە بواری کامپیوتردا هەبوو.