پەرتووک و وەشانگەی کوردی لە دۆخی قەیراندایە

15:48 - 23 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی بڵاوکردنەوەی کتێب لە سنە لە دیداری جێگری فەرهەنگی وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشاد، کێشە و لەمپەڕەکانی لەچاپدانی پەرووتوکی کوردییان هێنایەبەر باس.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیاتر لە دوو ساڵە بەرپرسانی حکوومەتی لە ورمێ ئێزنی بەشداریی وەشانگە کوردییەکانی پارێزگای کوردستان لەو شارە نادەن.

لێپرسراوی وەشانگەی ئاراس، بە هێنانەبەر باسی ئەو ڕێگرییەی بەرپرسان لە ورمێ، ئەو کارەی بە \"سەلیقەیی\" و \"پێچەوانەی یاسا\" لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند: بەڕێوەچوونی ساڵانەی پێشانگای کتێب لە سنە، وەک هەموو پارێزگاکانی ئێران، داواکاریی وەشانگەکانە.

بە وتەی سەعدی سەجادی، لە سەرەتای گەلاوێژی ٤ ساڵ لەمەوبەر، داوای مۆڵەتی لەچاپدانی ٣٠ ناونیشان کتێبمان کردووە بەڵام هێشتا وڵامیان نەداینەتەوە.

گونجاندنی ڕستەی \"تایبەت بە ئەهلی سوننەت\"لەسەر پەرتووکەکانی کوردستان یەکێکی دیکە لە ڕەخنە جیددیەکانی وەشانگەکانە کە بووەتە هۆکاری پەراوێزکەوتنی کتێب و خوێنەر.

هەروەها لەکاتی سەردانی جێگری فەرهەنگی وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشاد بۆ پاساژی عزەتی لە سنە، کارگێڕی وەشانگەی \"واتا\" باسی لە چاپ نەکردنی کتێب لەو دەزگایە لە ٢ ساڵی ڕابردوو کرد و کێشەی ماڵی بەهۆکاری سەرەکی زانی.

بەرزبوونەوەی بەردەوامی باج لەسەر کتێبەکان، چاپخانە و وەشانگەکانی تووشی قەیران کردووە بە چەشنێک تەنیا بۆ یەک چاپخانە، ٢٥ میلیۆن تمەن باجی ساڵانەیان دیاری کردووە.

ئیدارەی فەرهنگ و ئیرشاد سەرەڕای بەرپرسیارەتی لە مۆڵەت پێدان و وەشانی کتێب بەڵام هیچ یارمەتییەک بۆ کڕینی پەرتووک ناکات و تەنانەت هەندێ لە ئیدارە دەوڵەتیەکانی وەک پەروەردە وبارهێنان هەوڵی کڕینی کتێبی وانەیی لە شارەکانی دیکە وەک تارانیان داوە.

هەربە پێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی \"ئیسنا\"، گوڕینی وشە و زاراوەی کوردی لەکاتی مومەیزی کتێبدا بەشێک لە پەرۆشی وەشانگەکانی کوردستانە و لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووش، ٥ مۆڵەتنامە کتێبی وەشانگەی \"کانی کتێب\" بەهۆکاری نەبوونی نەرمەئامێری \" توکن\" لە بەڕێوەبەرایەتی فەرهەنگ و ئیرشاد ون بوونە.

بە وتەی بەرپرسی یەکیەتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی پارێزگای کوردستان، پیشەی چاپ لەو پارێزگایە بێ بەشکراوە و لە ئێستادا ٦ چاپخانەی \"اُفست\" لە کوردستان لەمەترسی داخرانی یەکجارەکیدان.

نەبوونی بیمەی دابینبوونی کۆمەڵایەتی بۆ کارگەی سەروو ٥ کەس، ڕەچاونەکردنی یاسای خاوەنداریەتی ئەدەبی و هەروەها دواکەوتوویی کەرەستەی لەچاپدانی کتێب بەشێکی دیکە کێشە و لەمپەڕەکانی وەشانگەکانی کوردستان هەژمار دەکرێت.

جێگری عەلی جەنەتی لە وڵامی کێشە و داواکاریی دەزگا کوردییەکاندا تەنیا پاساوی ئەوەی هێناوە کە کێشەکانی تایبەتی نەتەوەیەک و مەزهەبێک نییە و پێشنیاری ناردنی لێژنەیەکی ئاشنا بە چاپی کوردستانی بۆ تاران و بەدواداچوون کرد.