پێگە و بایەخی ژنان لە نیگارکەنە ٢٨٠٠ساڵەکانی ئیزە

14:08 - 12 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: ئەشکەوتی پەرستگەی \"تاریشا\" لە شاری ئیزە لە شوێنەوارە کۆنەکانی تایبەت بە سەردەمی ئیلامییەکانە کە نیگارکەنەکانی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ٢٨٠٠ ساڵ.

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە وێنەی جوان و سەرنجڕاکێشی ژنان لە نیگارکەنەکانی پەرستگەی \"تاریشا\"، ئاماژە بۆ پێگە و گرینگیی ڕۆڵی ژنان و ئامادەبوونیان لە کاروبارە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان دەکەن لە سەردەمی ئیلامییەکاندا واتە پێش سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام.

بەپێی ڕاپۆرتی میراتی کولتووری، ئەردشیر ساڵح‏پوور نووسەر و شرۆڤەکاری کتێبی تاریشا، وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی چەند هەزار ساڵەی ئەم ناوچەیە گوتی:\" نیگارکەن بە وێنەی جوان و سەرنجڕاکێش لە \"هانی\" شای ناوچەی \"ئایاپیر\"(ئیزە)، \"شووتر\" و وەزیرەکەی و \"ئامانتا\" ژنی هانی شا، لە دوو نیگارکەنی جیاوازدا دەبیندرێت کە دەربڕی نیشتەجێ بوون و ڕێز و نزای بنەماڵەی حوکمڕانی ناوچەکەیە بۆ ئەم پەرستگە پیرۆزە\".

ناوبراو گوتیشی: \"دوو بەردەنووسی دیکەش لە هەمان ئەشکەوت‏دا هەن، نیگارکەنێک بە پیتی بزماری و بە شێوەی ورد سەبارەت بەم پەرستگە و خودایانی ئیلامی هەڵکەندراوە کە هەموو کەسەکانی نێو ئەو نیگارکەنە بە پێوە وەستاون و دەستیان بەڕێزەوە بەسینگەوە ناوە و لە دۆخی نزا و پاڕانەوەدان و پێیشیان بە نیشانەی ڕێز پەتی کردووە.\"

شرۆڤەکاری کتێبی تاریشا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەم وينەگەلە بێ‏هاوتان و دەڵێت؛ بە سەرنجدان بە ڕێژەی زۆری نیگارکەنەکان، بەردەنووسەکان و وێنە هەڵکەندراوە ئایینی و مەزهەبییەکان دەتوانین ئیزە \"ئایاپیر\" وەکوو شاری نیگارکەندەکان و شاری مووزەخانە پێناسە بکەین.