پێکدادان و تەقینەوەی ماشین لە سەوڵاوا، ٥ کوژراوی بەدواوە بوو

14:29 - 3 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە جادەی مەریوان بۆ سنە و لە نزیک گوندی نگڵ، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ماشین‏دا، ٤ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەک گیانیان لەدەست‏ دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەیەکی خەڵکی شارۆچکەی پایگەلانی سەربە سەوڵاوا، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست دا.

لەو ڕووداوەدا، کە ئێوارەی ڕۆژی پێنج‏شەممە، یەکی ڕێبەندان لە نزیک گوندی نگڵ ڕوویدا، سێ کەس بە ناوەکانی شەهاب پوور محەممەد(باوک)، شیلان ڕەحیمی(دایک) و شینا پوور محەممەد( منداڵ) دەستبەجێ گیان لەدەست دەدەن.

هەروەها لە پاش ئاگرگرتنی پێژۆی ئەو بنەماڵەیە، دوو کەس لە سەرنشینەکانی پرایدێک کە بەوێ‏دا تێدەپەڕن و بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوان دادەبەزن، تووشی ئاگری سووتانی تانکیی نەوت و پێژۆکە دەبن و ئەوانیش دەبنە قوربانی.

یەکێک کە کوژراوەکانی ناو پرایدەکە ناوی محەممەد ڕەحیمی برای شیلانە.

دەوترێت لە دوای ڕووداوەکە، تانکیی نەوتەکە ئاگری تێ بەر دەبێ و ٤ جار تەقینەوەی ئاگرین ڕوو دەدا.

شۆفێری تانکیی نەوتەکە، کە بەرەو شاری ئەراک لە ناوەندی ئێران بەڕێوە بووە، دەستبەسەر کراوە.

هەر بەپێی هەواڵی گەیشتوو، سێ کەس لە بریندارەکان لە دۆخێکی ناجێگیردان و تووشی تەنگیی نەفەس هاتوون.

لەم پێوەندییەدا، پارێزەرێکی کورد بە دەرکردنی نامەیەکی سەرئاوەڵا، دەوڵەتی بە بەرپرسیار زانیوە.

حوسەین ئەحمەدی‏نیاز لە نامەیەدا کە ڕووبە پارێزگاری کوردستانە دەنووسێت:

بەپێی ئەسڵەکانی ١١٣، ١٢١ و ١٢٧ دەوڵەت بەرپرسیارە و دەبێت لێژنەیەک بۆ بەدواداچوونی ئەو ڕووداوە پێک بێت.