پێکدادانی دوو ماشین گیان لە دەستدانی ٥ هاووڵاتی لێکەوتەوە

21:03 - 30 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە نێوان جادەی سنە_دیواندەرە، ٥ هاووڵاتی دەستبەجێ گیانیان لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١٢، ڕۆژی شەممە ٣٠ ڕێبەندان، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە ڕێگای سەرەکیی سنە_ دیواندەرە ٥ هاووڵاتی بوونە قوربانی.

هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەیی ئەو هەواڵە شوناسی ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردەی \"عەتا قورەیشی\"،\"میلاد عەنایەتی\"،\"ئەفشین جەعفەری\"،\"ئەمجەد حوسێنی\" و \" فەردین مەلک زادە\"، ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاویەوە، ئەو ٥ هاووڵاتییە خەڵکی شاری دیواندەرە بوون.
پێکدادانی ئەو دوو ماشینە لە جۆری پێژۆ ٤٠٥ لەگەڵ ترێلییەکی بارهەڵگر لە نزیک ٣٠ کیلۆمێتری شاری دیواندەر ڕووی داوە.

ڕێگای دیواندەرە بۆ سنە بە هۆی خراپی و ناستاندارد بوونی، ساڵانە ڕووداوی هاتوچۆی زۆری لێ دەکەوێتەوە.

ڕووداوی هاتوچۆ جگه‌ له‌ خه‌ساره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خه‌ساری ئابووریی له‌ڕاده‌به‌ده‌ریشی به‌دواوه‌یه‌.بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی ناستانداردیی ڕێگەوبانەکان و پرتۆکاوبوونی ماشێنەکان لە ئێراندا، ساڵانە نێوان ٢٠ هەتا ٣٠ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دەدەن.