پێنج ژن بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە گیانیان لە دەست دا

13:06 - 5 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، لە جاددەی نێوان نەغەدە_شنۆ ٩ هاووڵاتیی کورد بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی دووشەممە ٤ی بەفرانبار، بە هۆی پێکدادانی دوو ماشین لە جۆری سایپا و جیب، ٥ ژنە هاووڵاتیی کورد گیانیان لە دەست دا و چوار کەسی دیکە بە سەختی بریندار بوون.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری بەرپرسی ناوەندی بەرێوەبەری و فریاکەوتنەکانی پارێزگای ورمێ بڵاوی کردەوە، لەو ڕووداوەدا کە پێنج کەس گیانیان لە دەست داوە، هەر پێنجیان ژن بوون.

باقر بەهرامی هەروەها دەڵێت: یەکێک لە بریندارەکان بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ، دوو کەسیان بۆ نەخۆشخانەی شاری شنۆ و یەکێکی دیکەیان بۆ نەخۆشخانەی نەغەدە ڕەوانە کراون.

شوناسی گیان لە دەستدراوان و برینداربووانی ئەو ڕووداوە بەم چەشنەیە:
گیان لە دەستدراوان_ساریە سەیدقادری تەمەن ٢٢ ساڵ، مەنیجە خەلیانی تەمەن ٥٠ ساڵ، ئامینە خەلیانی تەمەن ٥٤ ساڵ، سەلما سەیدقادری تەمەن ٤٠ ساڵ و ئەشرەف کەرەم تاهێر تەمەن ٤١ ساڵە.

برینداربووەکان_ئەرسەلان سەیدقادری تەمەن ٢٩ ساڵ، سەنا سەیدقادری تەمەن ٣ ساڵ، ڕووناک حوسێن‌نژاد تەمەن ٢٧ ساڵ و سەید نەجمەدین حەبیبی تەمەن ٤٢ ساڵ.

دەوترێ، چوار کەس لە قوربانیانی ئەو ڕووداوە ئەندامی یەک بنەماڵەن و هەروەها لە نێو برینداربووان دوو کچی منداڵی تەمەن ٣ و٤ ساڵ بەرچاو دەکەون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ڕووداوی هاتووچۆ سەرەکیترین ڕووداوی ناسروشتییە کە لە ئێراندا گیانی هاووڵاتییان دەستێنێت.

نێونجیی جیهانی مردن بە هۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ ١٤ کەس لە نێوان ١٠٠ هەزار کەسە، بەڵام لە ئێراندا ئەم ڕێژە ٣٠ کەسە. ئەمەش وای کردووە کە ئێران لە نێو ١٩٠ وڵاتی جیهان پلەی ١٨٩ بۆ خۆی تۆمار بکات.