پێنج هاووڵاتیی کورد لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کران

17:27 - 25 گەلاوێژ 2722

پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەمیر بایەزیدی ‌ئازەر" کوڕی مستەفا، "شارام بایەزیدی‌ئازەر" کوڕی تاهیر، "کامبیز بایەزیدی‌ئازەر" کوڕی تاهیر، "چیا پیرزاد" کوڕی تاهیر و "جەلال مەحموودی" کوڕی سەعید خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێڕشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەمیر، شارام، کامبیز بایەزیدی‌ئازەر و چیا پیرزاد لە گوندی "لەج"ی شاری مەهاباد و ئەوانیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو: کاتژمێر ٦ی بەیانی ئەمڕۆ سیشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان "جەلال مەحموودیـ"ـیان لە شوێنی کارەکەی لە مەیدانی تەڕەباری مەهاباد ، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو، هێزە ئەمنییەتییەکان هەروەها هێندێک کەرەستەی کەسیی جەلال مەحموودی، وەک لەپ تاپ و موبایلەکەی لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوە لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی دژی ئەو ٥ هاوڵاتییە زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.

ئەمیر بایەزیدی لە دەسبەسەرکراوەکانی ٢٥ی گەلاویژ، ڕۆژی شەممە ١١ی بەفرانباری سآڵی ١٤٠٠، بە تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرابوو.

ڕۆژی شەممە ۲۷ی بەفرانباری ٩٩، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

و ڕۆژی چوارشەممە ۱ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو

ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی ڕێبەندانی ٩٩، ناوبراو بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرابوو.

ئەمیر بایەزیدی ئازەر لە کۆتاییدا لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە سێ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابووەوە.