پێنج هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ورمێ لەسێدارە دران

14:58 - 24 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: بە ئامادە بوونی هێندێک لە بەرپرسانی ئەمنیەتی_قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ورمێ، حوکمی ئێعدامی پێنج زیندانیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ ٢٤ی خەزەڵوەر، بەرپرسانی زیندانی \"دەریا\"ی ورمێ حوکمی ئێعدامی ٥ هاووڵاتیی کوردیان بەڕێوە برد.

ناسنامەی ئەو پێنج هاووڵاتییە ئێعدام کراوە بریتین لە: \"کەرەم قولی زادە،مەحکووم ئیژەک - کوڕی کازم، عارف ئیسمائیلی، فایەق(فەرٶخ) عابدی و جەواد ئەسغەری\".

تەرمی ئەو پێنج هاووڵاتییە لەسێدارەدراوە ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە.

\"\"
\"کەرەم قولی زادە،مەحکووم ئیژەک .
ناوبراون لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تاوانی\"قاچاق بە مادەی سڕکەر\" تاوانبار کران و لە سێدارە دراون.

هەواڵنێری کورد لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە ئەو پێنج هاووڵاتییە خەڵکی شاری ورمێ و گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە بوون.

ئێعدام کراوەکان لە سەرەتای ئەم حەوتوویەدا بۆ دوایین جار چاویان بە بنەماڵەکانیان کەوتووە.

سەرەڕای دژایەتی توندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێونەتەوەییەکان، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەبەردەوامی درێژە بە ئێعدام کردنی زیندانییەکان لەو وڵاتە دەدات.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، میدیا فەرمیەکانی حکوومەت ڕاپۆرتێکیان لە مەڕ بەدرۆ خستنەوە یان پشتڕاست کردنەوەی ئێعدامی ئەو پێنچ هاووڵاتییە کوردە لە زیندانی ورمێ بڵاو نەکردۆتەوە.

نیوەی ئێعدامەکان لە ئێران لە میدیا فەرمییەکانی ئەو وڵاتە دەنگدانەوەیی نابێت و بە بەشێک\" لە ئێعدامە نهێنییەکان\" لە ئێران بە ئەژمار دێت.
\"کەرەم قولی زادە،مەحکووم ئیژەک - کوڕی کازم، عارف ئیسمائیلی، فایەق عابدی و جەواد ئەسغەری\".