پێنج لاوی عەرەبی خەڵكی ئەهواز مەترسیی ئیعدامیان لەسەرە

18:00 - 16 رەشەمه 2711
كوردپا: بنەماڵەی 5 لاوی عەرەبی خەڵكی ئەهواز بەهۆی نزیك بوونەوە بە كاتی جێبەجێ‌ كردنی حوكمی ئیعدامی منداڵەكانیان لەلایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە، داوایان لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كردووە پێش بەو كردەوەیە بگرن.

بنەماڵەی 5 كەس لەو زیندانیە سیاسیانەی نیشتەجێی گەڕەكی \"ملاشیە\"ی ئەهواز لە ئەگەری ئیعدامی منداڵەكانیان نیگەرانیان دەربڕیوە و داوایان لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان كردووە كە پێشی پێ‌ بگێرێت.

بەپێی راپۆرتی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئەهواز، بنەماڵەی :عەبدولڕەحمان حەیدەری، تەها حەیدەری، جەمشید حەیدەری، مەنسوور حەیدەری (ئەم چوار كەسە بران)، و ئەمیر مەعاوی لە سەردانێكدا بۆ دادگای ئەهواز پێیان راگەیەنراوە كە جێبەجێ‌ كردنی حوكمی ئیعدامی ئەو 5 لاوە لە قۆناغی كۆتایی دایە.

رێپۆرتێری مافی مرۆڤی ئەهواز لە درێژەی ئەم هەواڵەدا نووسیویە: بەڕێوەبەرانی هەریمی عەرەبستان (ئەهواز) بە هاوئاهانگییەوە بە تەمان سیناریۆیەك بەدژی نەتەوەی عەرەب بەڕێوە بەرن هەتا لە سەرتای مانگی ئاوریل (خاكەلێوەی ساڵی 1391ی هەتاوی)، ئەم سیناریۆە نامرۆڤانەیە جێبەجێ‌ بكەن، لەو باوەڕە دان كە بتوانن لە رێگای بەڕێوەبەریی ئەمنیەتییەوە لە پارێزگای خوزستان پێش بە ئەگەری خۆپیشاندانی خەڵكی عەرەبی ئەهواز لە نیوەی مانگی ئاوریل (خاكەلێوەی 1391) بگرن.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە: هەر ساڵە خەڵكی عەرەبی هەرێمی عەرەبستان (ئەهواز) لە مانگی خاكەلێوە، ساڵڕۆژی حكوومەتی میللی لە هەرێمی عەرەبستان كە هەتا ساڵی 1925 بەردەوام بووە، بەرز رادەگرن و لە ماوەی ئەو رۆژانەی ساڵدا بە وەڕێخستنی خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە بۆ كۆتایی هێنان بە سیاسەتی رەگەزپەرستانە بەدژی هاووڵاتییانی عەرەب رق و تووڕەیی خۆیان بەدژی حكوومەتی ئێران دەردەبڕن.