پێشێل کردنی مافی هاووڵاتییانی کورد ڕەهەندی بەربڵاوتر بەخۆ دەگرێ

20:37 - 10 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکرانی ٣ هاووڵاتیی کورد، هەشت کەسی دیکە بە بڕیاری دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران، خرانە بەندیخانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی پێنج‌شەممە ٨ی ڕەزبەر، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بە هێرش کردن بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییانی کورد، سێ کەسیان دەستبەسەر کرد.

ئەو کەسانە لە شاری مەهاباد و گوندێکی سەربە شاری بۆکان دەستبەسەر کراون.

هەواڵنێری کوردپا لە مەهاباد، ڕایگەیاند: مەئموورانی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە، دوو کەسیان بە ناوەکانی عەلی بۆڕناسر و حەسەن ئیبراهیم هەمزە دەستبەسەر و لەگەڵ خۆیان بۆ شوێنێکی نادیار بردوویانن.

هاوکات، هاووڵاتییەکی دیکەش بە ناوی حسەین ئیبراهیم هەمزە لە گوندی \"قەرەگۆڵ\"ـی سەر بە بۆکان دەستبەسەر کراوە.

دەستبەسەر کردن و ڕاگوێزانی ئەم کەسانە بەپێی هەواڵی هاتوو؛ وەک جاری جاران بەبێ برووسکەی دادگە بووە و ئیدارەی ئیتلاعات خۆی ڕاستەوخۆ بڕیاری گرتنی داون.

هەوڵی \"ترسێنەر\"ـی هێزەکانی ئەمنییەتی لە هێرش بۆسەر ماڵی هاووڵاتییان و گرتنیان، هاوکاتە لەگەڵ گواستنەوەی ٨ کەسی دیکەی مەحکووم کراو بۆ گرتووخانە.
لەم بارەیەوە هەواڵنێری ئێمە ڕاپورتی دا کە؛ لقی ١٠١ی دادگەی کەیفەریی ٢ لە شنۆ، حوکمی سەرەتایی ٥ هاووڵاتیی کوردی دەرکردووە.

ئەو کەسانە لە چەندین حاڵەتی جیاجیا و بە دۆسییەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە دەیان ساڵ زیندان حوکم دراون.

تۆمەتی وەپاڵدراو بەو کەسانە؛\" ئەندامەتی و لایەنگری لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە.

شوناس و حوکمی تەعزیری دەرکراو بۆ ئەو ٨ هاووڵاتییە بەم چەشنەی خوارەوەیە:

١ـ سابیر ڕەسووڵپوور ئارنایی کوڕی ئیسماعیل لە چوار حاڵەتدا سەرجەم بە ١٩ ساڵ زیندان
٢ـ ڕەزا عێزەت‌تاج کوڕی مستەفا لە چوار حاڵەتدا سەرجەم بە ١٩ ساڵ زیندان
٣ـ موحەممەد عەبدوڵڵایی کوڕی عوسمان لە چوار حاڵەتدا سەرجەم بە ١٢ ساڵ زیندان
٤ـ فارووق شەفاهی کوڕی ئیبراهیم لە دوو حاڵەتدا سەرجەم بە ٧ ساڵ زیندان
دادگاکە بە سەرۆکایەتی مێهدی ڕەزایی بەڕێوەچووە، تێیدا ئاماژە بە ڕەچاوکردنی ماددەی ١٣٤ لە یاسای سزای ئیسلامی سەبارەت بە \"فرەیی تاوان و سزای دیاریکراو\" کردووە.
هەرلەم دۆسیەدا، هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی:
٥ـ وەلی شەریفی کوڕی ڕەحیم لە یەک حاڵەتدا بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و لە باقی تۆمەتەکانی، بێبەری کرا.
ئەو حوکمانە لە ڕۆژی ٧ی ڕەزبەردا بەفەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژیش دەرەتانی تانە بە بڕیارەکە هەیە.
هەروەها لە سەرەتای ئەم حەوتوویەدا دوو هاووڵاتی لە ورمێ و بانە بە ناوەکانی: ٦ـ ئەرسەلان پیرزادگان ٧ـ سەعید میر‌اوا، لەپاش بڕیاری کۆتایی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بەڕیز بۆ تێپەڕاندنی ٤ ساڵ و نۆ مانگ و شەش مانگ حەبس گوازراونەتەوە بۆ گرتووخانەی ناوەندیی ئەو شارانە.
کۆتاییەکانی حەوتووی ڕابردووش، کەسێکی دیکە بەناوی: ٨ـ عەلی سورخی کوڕی موحەممەدکەریم بە بڕیاری دەزگای دادوەری بە یەک ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ناوبراو لە پووشپەڕی ئەوساڵدا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی بۆکانەوە لە گوندی \"کۆسە\" دەستبەسەر کرابوو.

دەستبەسەرکردن و بڕینەوەی سزای قورس بۆ هاووڵاتییانی کورد هاوکات بووە لەگەڵ وتەکانی وەزیری ئیتلاعات کە باسی لە کەڵکئاژۆی ناونیشانە تاوانییەکان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوەیە.

دەزگای دادوەری هەمیشە لەلایەن چالاکانی سیاسی و مەدەنی وەک دەزگایەکی ناسەربەخۆ و لەژێر نفووزی ناوەندە ئەمنییەتەکان پێناسە و ناسێندراوە.

لینکی پێوەندیدار:
چوار هاووڵاتیی لە کوردستان دەستبەسەر کران
بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
سێ لاوی سەقزی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران