پێشنوێژی هەینیی شاری "ئەلوەند"، پێڕەوانی ئایینی یارسانی بە "گڵاو" ناو لێ برد
پێشنوێژی هەینیی شاری "ئەلوەند"ی پارێزگای قەزوێن، پێڕەوانی ئایینی یارسانی بە "گڵاو" وەسف کرد و ئەندامێکی یارسانی شورای ئەو شارە لە وڵامی وتەکانی پێشنوێژی هەینی ڕایگەیاندوە: "هەر کەس ئەهلی حەق بە گڵاو ناو ببات، خۆی گڵاوە".
دژکردەوەی موهەندیس "عەلی قەدەمی" بە وتەکانی پێشنوێژی هەینیی ئەلوەند، بوو بەهۆی دادگاییکردنی ناوبراو و بە لێدانی ٤٠ زەربە قامچی مەحکووم کرا.
چالاکانی یارسانی کەمپەینێکیان بۆ پشتیوانیکردن لەو هاووڵاتییە یارسانییە پێک هێناوە.
چالاکانی یارسانی ڕایانگەیاندووە کە پێشنوێژی هەینیی ئەلوەند لە وتەکانی خۆی تەنیا بێڕێزیی بە خەڵکی یارسانی دانیشتووی شاری ئەلوەند نەکردووە، بەڵکوو ئەو بێڕێزییانە خەڵکی یارسانی دانیشتووی شاری کرماشانیشی گرتووەتەوە و بێڕێزیی بە ئەوانیش کردووە.
لە کاتێکدا لە دۆسیەی پێشنوێژی هەینیی ئەلوەند لە دادسەرای تایبەتی ڕووحانییەت لە حاڵی تاوتوێکردندایە و ڕدێن سپییانی کۆمەڵگای یارسانیی ئەلوەند بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیەی دەکەن.
مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٢، "حەسەن ڕەزەوی، نیکمەرد تاهیری و محەممەد قەنبەری" بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر سووکایەتی و بێڕێزیی هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ئایینی یارسان، ئاگریان بەر دایە جەستەی خۆیان.
کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی ئەو حەرەکەتە ناڕەزایەتییە لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٢، ڕایگەیاند: "جارێکی دیکە ناتوانن دەنگەکان کپ بکەنەوە".