پێشنوێژی شاری پاوە ڕەخنە لە شەریف باجوەر دەگرێت

15:19 - 1 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری وەلی فەقیهـ لە شاری پاوە، ڕەخنەی لە ڕێپێوانی داکۆکیکاری مافی ئاژەڵان گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، مەلا قادر قادری لە وتاری نوێژی هەینیی خۆیدا، سەبارەت بە ڕێپێوانە ناڕەزایەتییەکەی شەریف باجوەر داکۆکیکاری مافی ئاژەڵان، دژکردەوەی نیشان دا.

ناوبراو شەریف باجوەری وەکوو \"کەسێک کە خۆی بە لایەنگەری ژینگەپارێزی دەزانێت\" ناوبرد و هەوڵەکانی ئەو چالاکە ژینگەپارێزە ناسراوەی لە بواری مافی ئاژەڵاندا بە کەم دانا.

نوێنەری وەلی فەقیهـ بە ئاماژە کردن بە ڕووداوەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوتی؛ بۆچی وەها کەسێک بۆ ١٤ میلیۆن مرۆڤی بێتاوان لە وڵاتانی ئەفغانستان، عێراق، سووریە و یەمەن ڕێپێوان ناکات.

مەڵا قادر لە درێژەی لێدوانەکانیدا ئەوەی خستە ڕوو کە \"هەتا ئێستا هیچ کەس لەگەڵ خەڵکی ئەو وڵاتانە هاوسۆزیی و هاوخەمی\"ی دەرنەبڕیوە.

ئاماژەی نوێنەری وەلی فەقیهـ بە ڕێپێوانی ٥ ڕۆژەی شەریف باجوەر لە شاری مەریوان هەتاکوو شاری سەلاسی باوەجانی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە \"توندتیژی مرۆڤەکان دژی ئاژەڵان\" بووە.

هەروەها قادر قادری لە نوێژی ڕۆژی هەینیدا باسی لە بابەتە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانی_عێراقی کردبوو.

مەڵا قادر پێشتریش هەڕەشەی لە چالاکانی فەرهەنگی_هونەری و...هتدی شاری پاوە کردبوو. هەروەها شێرکۆ بێکەس شاعێری ناوداری کوردی بە بێ‌دین و هەڵگەڕاوە لە ئایینی ئیسلام ناو بردبوو.

مەڵا قادر قادری لە سەرەتای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، چەند بەرپرسایەتی لە ئەستۆ بووە و سەرەڕای پێشنوێژیی شاری پاوە، بەرپرسی دادگای ئینقلاب و نوێنەری ئیدارەی گشتی فەرهەنگ و ئیرشادی پارێزگای کرماشان لە شاری پاوەیە.