پێداچوونەوە بە خەریتەی نیزامیی ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا دەکرێتەوە

15:06 - 2 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لەژێر ناوی \"خەبات بە دژی مادە سڕکەرەکان\" لەهەوڵی ئەوەدان کە جارێکی دیکە خەریەتی ناوچە سنوورییەکان سەر لەنوێ دابڕێژنەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەشاری پیرانشار و سەردەشت بە دانانی بورجەک و پاسگا، نزیک بە ٢٥ کیلۆمیتر لەو ناوچە سنووریانە وەکوو هێڵ و شوێنی ئەمنیەتی دیاری کراوە.

پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە لەسنوورەکانی کوردستان بەوتەی سەرپەرەستی شۆرای هاودەنگی خەبات بەدژی مادەسڕکەرەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، بەمەبەستی رێگریی لەبازرگانی بەو مادەیە ئەنجام دراوە.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە بەئاژانسی کوردپا گەیشتوون و پێشتر بڵاو کراونەتەوە، سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لەسەردەشت لەرێگەی کردنەوەی \"ئاشپەزخانە و ئازمایشگا\" سەرقاڵی بازرگانی کردن بە مادەی شیشەوەن.

\"28451.jpg\"
لە ماوەی رۆژەکانی ڕابردوودا زۆربەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران پێداچوونەوە بە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەکەن
بە باوەڕی کەسانی شارەزا وتەکانی ناسر ئەسلانی لەسیمیناری پڕکردنەوەی بۆشایی سنوورەکان دەرخەری ئەوەیە کە بە کردەوە رووبەرێکی فراوان لەناوچەکانی پیرانشار و سەردەشت دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکانەوە.

بەپێێ ئەو هەواڵانەی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، ئەو گەڵاڵەیە لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە جێبەجی دەکرێت و دانانی بورجەکی نیزامی، راکێشانی جادە، دانانی کامێرا و نوێژەنکردنەوەی پادگانە نیزامییەکان بەشێکن لەو گەڵاڵەیە.

لەماوی چەند رۆژی رابردوودا عەبدولڕەزا رەحمانی فەزلی وەزیری ناوخۆیی ئێران و بەرپرسی ئەنجومەنی شۆرای ئاسایشی وڵات بە هێلی کۆپتێر سەردانی ناوچە سنوورییەکانی پیرانشار و شنۆیان کردووە.

پڕ کردنەوەی بۆشایی لەسنوورەکان لەکاتێکدایە کە بە بەردەوامی بەرپرسانی نیزامی ــ ئەمنیەتی باسیان لە ئەمنیەتی پایدار لەکوردستان و زاڵ بوون بەسەر سنوورەکاندا کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لەئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا باسی لەگەڵاڵەیەکی هاوشێوە لە شنۆ، خۆی، سەڵماس و ورمێ کردووە کە زیاتر لە ١٥٠ کیلۆمیتر لەخۆ دەگرێت.

پێشتریش جێگری \" موهەندیسی رەزمی\" سوپای پاسداران باسی لەوە کردبوو کە لە ئوستانەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان و کرماشان ٥٠٠ خاڵی عەمەلیاتی هەیە.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا پێشمەرگەکانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە ناوچەکانی شنۆ، سەلاسی باوەجانی، مەریوان، پیرانشار، بانە و سەردەشت جموجۆڵی نیزامییان هەبووە و بە وتەی رێبەرانی ئەو حیزبانە ئەو چالاکیانە \" بە \"خەباتی چەکدارای\" دێنە ئەژمار.

هەنووکە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بنکە و بارەگای داناوە.