پیشانگای فەرهەنگ و داب و نه‌ریتی ناوچە كوردنشینەكان لە بۆكان كرایەوە

14:46 - 3 خاکەلێوه 2712
كوردپا: فەرهەنگ و داب ونەریتی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران، لە چوارچێوەی پیشانگای بەرهەمی دارتاشیی عوسمان رەحمان زادە هونەرمەندی پەیكەرتاش بۆ ماوەی 15 رۆژ لە شاری بۆكان كراوەتەوە.

هەواڵدەریی كوردپرێس لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردۆتەوە، لەو پیشانگایەدا 1 هەزار و چوار سەد بەرهەمی دەستیی هونەرمەند \"عوسمان رەحمان زادە\" بە بابەت و ناوەرۆكی ژیانی رۆژانەی دانیشتوانی ناوچە كوردنشینەكان خراوەتە بەر دیدی خەڵك.

لە بەشێكی دیكەی ئەو پیشانگایەدا، رووداوی دڵتەزێنی هەڵەبجە، لە چوارچێوەی پەیكەری داریدا خراونەتە روو.

عوسمان رەحمان زادە ساڵی 1335ی لە گوندی حەمامیان لە دایك بووە و ئێستاش دانیشتووی گوندی \"ناچیت\"ی سەر بە بۆكانە و تەنیا 5 كلاس خوێندەواریی هەیە و هەر لە تەمەنی 10 ساڵییەوە بە شێوەی خۆڕسك دەستی داوەتە تاشینی پەیكەر لەسەر دار و هەتا ئێستا توانیویە یەك هەزار و 400 بەرهەم لە قاڵبی ریالیستیی ژیان، فەرهەنگ و داب و نەریتی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران لە چوارچێوەی هونەری پەیكەرتاشیدا بخاتە روو.

عوسمان رەحمان زادە لە شارەكانی ئیسفەهان، كرمان، شیراز، ورمێ‌، زاهدان، كرماشان، ئیلام و هەرێمی كوردستان پیشانگای تایبەتی كردۆتەوە.

ئەو كەرەسە و مادانەی كەلە زۆربەی بەرهەمەكانیدا بەكاری دەهێنێ‌ دار و بەرد و قوڕن.