پیشانگایەکی تایبەتیی فۆتۆگرافی لە وڵاتی سوید دەکرێتەوە

22:29 - 15 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە، یەکەمین پیشانگای فۆتۆگرافی لە بەرهەمەکانی \"شێرکۆجیهانی\" وێنەگری خەڵکی شاری مەهاباد، لە وڵاتی سوید دەکرێتەوە.

\"شێرکۆ جیهانی\" لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو پێشانگایە بەهاوکاری بەشی فەرهەنگ و هونەری پەیمانگای هونەریی \"سیگتونا فولک هوگسکولان\" لە وڵاتی سوێد بە نێوەرۆکی سروشت و خەڵکی کوردستان و بۆ ماوەی ٢٢ رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئەو وێنەگەرە کوردە لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەشدا، وێنەکانی ئەو پێشانگایە ئاکامی ٤ ساڵ کاری وێنەگری لە سەرجەم ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و سروشت و باری گوزەرانی خەڵکی تێدا پیشان ئەدرێت.

\"11863.jpg\"
شێرکۆ جیهانی،
پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠٨دا شێرکۆ جیهانی پێشانگایەکی لە شاری هەولێر بە پشتیوانی کۆرەک تێلێکۆم و وەزارەتی ڕۆشنبیری بەڕێوە بردووە.

شیرکۆ جیهانی. لە دایکبووی ساڵی ١٣٥٦ لە شاری مەهابادە و لە تەمەنی لاویەتیدا دەستی کردووە بە چالاکی ئەدەبی و بە نووسینی هەڵبەست و چیرۆک، لە کۆڕی ئەدەبی شاری مەهاباد دا بەشداری چالاکانەی هەبووە.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٨ و ١٣٦٩ی هەتاویدا لە دوو خوولی پەروەردەیی فیلم و فۆتۆگرافیدا لە \"انجمن سینمای جوانان ایران\" لقی مەهاباد و ناوەندێکی دیکە بە ناوی \"موسسە دانشگاهی رسام هنر\" بەشداری کردووە.

\"11862.jpg\"
جیهانی لە ساڵی ١٣٨٤ەوە دەستی بە گرتنی وێنە و فیلم کردووە و هەتا ئێستا چەند کورتە فیلمی دیکیۆمێنتی بەرهەم هێناوە.

ئەو هونەرمەندە کوردە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.

هەروەها پێشتریش بە تاوانی جۆراوجۆری وەک: چالاکیی سیاسی، ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، دژایەتی ئایینی ئیسلام و چەند تاوانی هاوشێوە زیندانی کرابوو.