پیرانشار/ پیاوێکی بەتەمەن لە پردێکەوە خۆی هەڵواسی و خۆی کوشت

14:47 - 2 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: پیاوێکی تەمەن ٥١ ساڵەی خەڵکی پیرانشار، بەهۆکارێکی ناڕوون هەوڵی خۆکوژی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی خەڵکی گەڕەکی شەهرەکی فەرهەنگییانی (١) لە پیرانشار، بەناوی فەتاح عەلی‌مورادی و تەمەن ٥١ ساڵ، رۆژی هەینی رێکەوتی ٣١ی گەلاوێژ کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، فەتاح عەلی‌مورادی لە پردی \"قەڵاتێ\"ی پیرانشارەوە خۆی هەڵواسیووەو بەوهۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

هەر لەو رۆژەدا (٣١ی گەلاوێژ)، پیاوێکی تەمەن ٤٦ ساڵەی خەڵکی گوندی \"قەڵاکۆن\"ی سەربە ناوچەی فەیزوڵڵا بەگیی شاری سەقز بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە ئەنجام دراون، شەڕ و دەمەقاڵە لەگەڵ هاوسەر، کێشەی بنەماڵەیی، کێشەی ماڵی، نەخۆشیی جەستەیی و دەروونی، تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و توندوتیژیی لە نێوان هاوسەرەکاندا، هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژیی کەسانی سەرووی ٤٥ ساڵ تەمەن و بەساڵاچوون.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا (لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا) ٨ پیاو لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوەو ٢ پیاوی دیکەش هەوڵی خۆکوژییان داوە، کە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبووە.