پیرانشار؛ کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشار داخرا
ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی سەرماوەز، کافە کتێبی ئەندێشە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە داخرا.
دوای دەسبەسەرکرانی سێ کەس لە بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی مەدەنیی کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشار، بە ناوەکانی "خەبات خەتیاڵ"، "جەهانگیر ساغەرنیا" و "میلاد هاتێف"، لە ڕێکەوتی ۲۶ی خەزەڵوەر، ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی سەرماوەز کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشار بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە داخرا.
ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هێرشیان کردە سەر کافە کتێبی ئەندێشە و دوای لێدان و ئەزیەت و ئازاری بەڕێوەبەران، هەڵکێشانی چەک و هەڕەشە لە بەڕێوەبەران و هەروەها شێواندن و تێکدانی ئەو شوێنە، وێڕای دەسبەسەرکردنی سێ کەس لە بەڕێوەبەران، دەستیان بەسەر لەپتاپ، مۆبایل، دوو ماشین و ژمارەیەکی بەرچاو لە کتێب و کەلوپەلی ناوەنددا گرتووە.
رۆژی دواتر واتە ڕێکەوتی ۲۷ی خەزەڵوەر، هێزەکانی ئیتلاعات هێرشیان کردە سەر ماڵی "جەهانگیر ساغەرنیا" و دەستیان بەسەر لەپتاپ و مۆبایلی ئەندامانی بنەماڵەکەی گرتووە.
دوو کەس لە دەسبەسەرکراوان بە ناوەکانی "جەهانگیر ساغەرنیا" و "خەبات خەتیاڵ" دوای تیپەڕبوونی ٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنیان، هەر کامەیان بە بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا بەڕێوەچوونی دادگاییەکان ئازاد کراون.
کافە کتێبی ئەندێشەی پیرانشار ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاوی دامەزراوە و لە ماوەی ڕابردوودا یەکێک لە دیارترین ناوەندە ڕووناکبیری و مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
کافە کتێبی ئەندێشە بە بەڕێوەبردنی چەندین سێمینار و پانێلی زانستیی جۆراوجۆر، کۆڕی پەردەلادانی کتێب، شانۆ و پێشانگای هونەری، فرۆشی کتێب و ڕێکخستن و بەشداری لە کەمپەینەکانی بوومەلەرزەی کرماشان، کۆتۆل و... سەکۆیەکی بەرچاو و کاریگەری مەدەنی بووە بۆ پەرەپێدان و گەشەکردنی ڕووناکبیری و هزری نەتەوەیی لە نێوخۆی وڵات. هەر بەم هۆیەشەوە بەردەوام لەژێر زەخت و گوشاری هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا بووە و لە ئاکامدا بڕیاری داخرانی دەر کراوە.