پیاوێک ئەندامانی بنەماڵەی براکەی دەکوژێت

20:56 - 5 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: پیاوێکی تەمەن ٢٩ ساڵە بە چەکی ڕاو هێرشی کردە سەر ئەندامانی بنەماڵەی براکەی و لە ئاکامدا سێ کەسەکەیانی کوشت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕ، پیاوێکی تەمەن ٢٩ ساڵە بە ناوی \"م.ڕ\" لە گوندی کەسیان سەر بە شاری چایپارە بە چەکی ڕاو دەستڕێژی کردە سەر ماڵ براکەی و دەستبەجێ سێ کەس لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەی کوشت.

شوناسی کوژراوەکان بە ناوەکانی \"ح.ڕ\" تەمەن ٣٦ ساڵ، براژنەکەی \"م.خ\" تەمەن ٢٦ ساڵە و برازاکەی \"ز.ڕ\" تەمەن یەک ساڵی کوشت و بکوژەکە لە شوێنی ڕووداوەکە ڕایکرد.

هەواڵدەریی فارس لە زاری فەرمانداری چایپارە بڵاوی کردەوە، هۆکاری ئەو تەقە کردنە لە سەر میرات بووە و لە مێژە کێشە لە نیوان ئەو دوو برایە لە سەر میراتدا هەبووە.

هەروەها لە چەند ڕۆژ پێش، لە دوو ڕووداوی جیاجیادا لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ، دوو کچ لە لایەن باوک و خالۆیەوە بە چەک دەکوژرێن.