پیاوێکی پاوەیی بە هۆی دەسکورتییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

21:09 - 26 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: هەژاری، دەسکورتی و بێکاری لە وڵاتی ئێران، ڕۆژ لە داوی ڕۆژ لە حاڵی پەرەسەندندایە و هاووڵاتییەکی پاوەیی بووە قوربانیی ئەو دیاردەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێ‌شەممە ٢٦ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پاوە بە ناوی \"نێعمەت نەقشبەندی\" تەمەن ٥٠ ساڵە، بە هۆی هەژاری و دەستکورتییەوە خۆی هەڵداوەتە نێو ڕووباری \"دووئاو\" لە نزیک ئەو شارە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پاوە وێڕای پشتڕاست کردنەەوەیی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: نێعمەت نەقشبەندی خێزاندارە و هەژاری و دەستکورتی تەنگی پێهەڵچنیووە و بۆ دەرباز بوون لە کێشەی بێکاری دەستی داوتە ئەو کارە.

\"\"
نێعمەت نەقشبەندی
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە؛ ئەو هاووڵاتییە خەڵکی گوندی\"دووریسان\"ی سەر بە شاری پاوەیە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ناوبراو بێئاکام بووە.

کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی کێشەی بێکاری و هەژاری وەک سەرەکیترین هۆکاری خۆکوژیی هاووڵاتییان لە قەلەم ئەدەن،کە بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و چوونەسەرێی ئاماری بێكاری لەئێران، ئاماری خۆکوژیی هاووڵاتییان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەکات.

پارێزگای کرماشان بە یەکێک لە پارێزگا دەوڵەمەندەکانی ئێران بە ئەژمار دێت، بەڵام بە هۆی ئەمنیەتی بوونی ئەو شارە، هێژموونی و باڵادەستیی ئایدۆلۆژی دەسەڵات، کوردەکان لەو شارە بە هاووڵاتیی پلە دوو چاویان لێ‏دەکرێت و بە شێوەیەکی سیستماتیک لە زۆرێک لە مافەکانی خۆیان بێبەش دەکرێن.