پڕۆژەیەكی پیشەیی لەئوستانی ئیلام ٨ ساڵە بە ناتەواوی ماوەتەوە+وێنە

16:44 - 7 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی كوردپا: سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨ ساڵ لەپەسەند كردنی پرۆژەی كارخانە سیمانی شارستانی ئابدانان، بێجگە لە چەند تابلۆ و پایەی ئاسنی هیچ شتێكی دیكە بەدی ناكرێ‌.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دۆخی كارخانە سیمانی \"زاگرۆس\"‌ی ئابدانان كە لە خەرمانانی ساڵی ١٣٨٩وە رێوڕەسمی دروستكردنی بەڕێوەچووە، هەتا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەوتەی لێپرسراوانی حكوومەتی لەئوستانی ئیلام، ئەو كارخانەیە ئەگەر كارەكانی تەواو ببێت، دەتوانێ‌ ٣٥٠ كەس بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەخۆ بگرێ‌ و كاریان بۆ دابین بكات.

كارخانەی سیمانی زاگرۆس لەنزیك ئاوایی \"هونگە\"‌ی سەر بە بەخشی \"موموری\" هەڵكەوتووە و كەرتی تایبەت ئەركی دروست كردنەكەی وەئەستۆ گرتووە و لەو هەشت ساڵەدا ١٥% پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.

نەبوونی بودجە، سەرەكیترین هۆكاری دوا كەوتنی ئەو پڕۆژەیە و ئەمە لەحاڵێكدایە بڕیار بوو، کە كارخانە سیمانی زاگرۆس لە ئابدانان هەتا كۆتایی ساڵی ٩٢ وەگەڕ بكەوێ‌.

پێشتریش هەواڵدەریی مێهر راپۆرتێكی لەژێر ناوی \"كارخانە سیمانی ئابدانان لە \"كۆما\" دایە بڵاو كردبوویەوە و رایگەیاندبوو، ئەو كارخانەیە بە دانی بەڵێنی رەخساندنی هەلی كار بڕیاری دروستكردنی درا و لاوەكانی ئەو شارە هیچ هیوا و ئومێدێكیان بەو كارخانەبە نەماوە.

بڕیار بوو یەك هەزار و ٥٠٠ میلیارد ریاڵ بودجە بۆ دروست كردنی ئەو كارخانەیە ٥٠ هێكتارییە تەرخان بكرێت.

شارستانی ئابدانان ٥٠ هەزار كەس دانیشتووی هەیە و بەهۆی سیاسەتگوزاری هەڵە، نەبوونی بەڕێوەبەریی شارەزا و پسپۆڕ و بڕیاری نابەجێ‌، بێكاریی شاراوە خۆی تێیدا دەرخستووە و ئەو بێكارییەش پێشی بە پەرەسەندووی ئەو شارستانە گرتووە.

لەلایەكی دیكەوە رەوتی بێكاریی لەو شارستانە وای كردووە كە بەشێكی لە خەڵكەكەی لەرێگای \"فەرش چنین\" و كۆمیتەی ئیمدادەوە ژیانیان دابین بكەن.
\"19051.jpg\"

\"19049.jpg\"

\"19048.jpg\"

\"19050.jpg\"