پڕۆفیسۆڕ \"فرانک هۆڵ\"‌ی ئەمریکایی لە ئیلام رێزی لێ دەگیرێت

14:21 - 30 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: کەسایەتییەکی ناسراوی ئاسەوارناسی، کە چەندین ساڵ کاری لێکۆڵینەوەی لەسەر تەپۆڵکە مێژووییەکانی کوردستان لە ئوستانی ئیلام ئەنجام دابوو، لە کۆڕێکدا رێزی لێ دەگیرێت.

بەپێێ راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، لە کۆڕێکی دوو رۆژەدا کەلە ژێر ناوی \"ئیلام، لانکی کشت و کاڵ و وەرزێڕیی مێژوو\" بەرێوە دەچێت، پڕۆفیسۆر فرانک بە نیشانەی کاری هەڵدانەوە و لێکۆڵینەوەکانی لە ناوچەی باشووری شاری دێهلوڕان، رێزی لێ دەگیرێت.

پڕۆفیسۆڕ فرانک هۆڵی ئەمریکایی بەپێی لێکۆڵینەوەکانی لە ساڵی ١٩٦٣ی زایینی‌دا کەلە تەپۆڵکەی \"عەلی کەش\" لە ٦ کیلۆمیتریی شاری مووسیانی شاری دێهلوڕان ئەنجامی داوە، ئیلامی وەکوو یەکێک لە ناوەندە سەرەتاییەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤ و هەروەها واز هێنان لە کۆچبەری و روو کردن لە جووت و گا و چاندنی گەنم و جۆ ناساندووە.

\"20059.jpg\"
پرۆفیسۆر فرانک هۆڵی ئەمریکایی
بەوتەی بەڕێوەربەری گشتیی میرات فەرهەنگی و گەشتیاریی ئوستانی ئیلام، پرۆفیسۆر هۆڵ لە رێگەی وەزارەتی کاروباری نێونەتەوەیی رێکخراوی میرات فەرهەنگی‌یەوە بە فەرمی بانگهێشتی ئیلام کراوە.

چوونی ئەو کەوناراناسە بۆ شاری ئیلام و رێزگرتن لە ناوبراو لە کاتێکدا لەلایەن هەواڵدەریی تەسنیمەوە بڵاو کراوەتەوە، کە لەماوەی چەند حەفتەی رابردوودا مەسەلەی مردنی ریچارد فرای، رۆژهەڵات‌ناسی ناسراو و ناشتنی تەرمەکەی لە تەنیشت \"زایندە رود\" بە پێی وەسیەت‌نامەکەی، لە میدیاکانی سەربە دەستەڵات رەخنەی توندی لێکەوتەوەو رێگرییان لە ناشتنی تەرمی ناوبراو لە ئیسفەهان کرد.

بەپێی هەڵدانەوە و لێکۆڵینەوەکانی فرانک هۆڵ، دانیشتوانی عەلی‌کەش دوو جۆر دانەویڵەیان چاندووە، کە یەکێان گەنمی درشت و ئەوی دیکەشیان جۆ بووەو بە گشتی دەستپێکی کشتوکاڵ لە رۆژهەڵاتی ناڤین لەم ناوچەیەوە دەستی پێکردووە. چونکە تەپۆڵکەی عەلی‌کەش هاوکات بووە لەگەڵ چاخی بەردینی نوێ لە کوردستانی عێراق و تەپۆڵکەی گۆران لە کرماشان و ئاڵوێری بازرگانی لە ناوچەکانی دیکە پەرەی گرتووە.

گرینگیی لێکۆڵینەوەکانی ئەو کەوناراناسە ئەمریکاییە لە ناوچەکانی باشووری کوردستانی ئێران بە تایبەت لە ئوستانەکانی ئیلام و لوڕستان بە رادەیەکە، کە لە ئێستادا کتێبەکەی ئەو لەسەر تەپۆڵکەی عەلی‌کەشی دێهلوڕان لە زانکۆکاندا وەکوو وانەی خوێندن دەگوترێتەوە.

ئەو کەوناراناسە کاری لێکۆڵینەوە و هەڵدانەوەی لەسەر ناوچە مێژووییەکانی چغاسپی، تەپۆڵکەی موسیان و خەزێنەی شاری دێهلوڕان کردووە.

فرانک هۆڵ لەدایکبووی ئەمریکایە و ساڵی ١٩٦١ لە رشتەی ئینسان‌ناسی‌دا لە زانکۆی شیکاگۆ دوکتورای تەواو کردووەو ماوەی نزیک بە ٤٠ ساڵە لە هەر چوار بەشی کوردستان سەرقاڵی هەڵدانەوەو کاری لێکۆڵینەوەیە.