پچڕاندنی تەلەفۆنی زیندانی ورمێ بەهۆی درزی هەواڵی ئێعدامەکان بۆ دەرەوەی زیندان

15:40 - 14 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: زیندانییانی گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ‌لەلایەن لێپرسراوانەوە لە مەرەخسی حەفتانە بێبەریی کراون و هەروەها زیندانییان کەڵک وەرگرتن لە تەلەفۆنیشیان لێ‌قەدەغە کراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لێپرسراوانی زیندانی ناوەندی ورمێ‌فشارییان خستۆتە سەر زیندانییان و ئێزنی چوونە مەرەخسیی حەفتانە و کەڵک وەرگرتن لە \"کیوسک\" تەلەفۆنیان پێ‌نەداون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو فشارە بە هۆی دزەکردنی هەواڵی ئێعدامەکانی چەند رۆژی رابردووی ئەو زیندانە بۆ دەرەوە، خراوەتە سەر زیندانیان.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، لێپرسراوانی زیندان وەکوو سزادانی زیندانییان ئەو هەڵوێستەیان بەرامبەر بە زیندانیان نواندووە.

ئەو فشارە لەحاڵێکدایە، کە لە ماوەی ١٤ رۆژی رابردووە هەتا ئێستا (سەرەتای مانگی رێبەندان)، ١٠ هاووڵاتیی لە زیندانی ناوەندی ورمێ‌لەسێدارەدراون و هەروەها دوو کەسی دیکەش بە مەبەستی جێبەجێ‌کردنی حوکمی ئێعدامەکانیان رەوانەی قەرەنتیەنە کراون.

لەکۆی گشتیی ئێعدامکراوەکانی زیندانی ورمێ‌، دوو کەسیان کورد بوون و بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون.

بە شێوەیەکی گشتیی لەسەرەتای مانگی رێبەندانی ١٣٩٢وە هەتا ئێستا ٣٠ هاووڵاتیی لە زیندانەکانی ئێران حوکمی سێدارەیان بەڕێوە چووە و لەکۆی ئەو سی کەسە دوو چالاکی سیاسیی عەرەبی ئەهوازی لە ناو ئێعدامکراوەکاندا بەرچاو دەکەون.