پشتیوانی كەسایەتییە فەرهەنگی و سیاسییەكانی كوردستانی ئێران لە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان

16:00 - 26 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای رەخنە لەسیاسەتەكانی حکوومەتی بەغدا و هەروەها دۆخی خراپ و ناجێگیری عێراق، بڕیاری یەكلایی كردنەوەی كێشەكانی لەرێگەی رێفراندۆمەوە لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی، داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، پرسی رێفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆتە پرسێكی گشتگیر و بەوتەی كەسایەتییەكی سیاسیی كوردستانی ئێران، بەڕێوەبردنی رێفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی لەهەر وڵاتێكدا، بەستراوەتە بە یەكڕیزی و یەکهەڵوێستیی حیزب و دانیشتوانی ئەو شوێنە.

رێفراندۆم یەكێك لەبنەمای مافە سەرەتاییەکانە و هەروەها لە ئەدەبیاتی زانستی سیاسی، دێمۆكراسی و سیستەمی دەسەڵاتی خەڵكییدا بە چەمکێکی گرینگ دێتە ئەژمار. وشەی رێفراندۆم (referendum) بە واتای گەڕانەوە و پشت بەستن بە دەنگی گشتیی هاووڵاتییان بۆ دیاری كردنی شێوازی نیزام، تەئیدی یاسای بنەڕەتی و هەروەها سەربەخۆیی وڵات.

بەپێی ئەو بنەمایانەی سەرەوە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ماوەی دوو حەفتە لەمەوبەر لەپارڵەمانی كوردستان پرسی رێفراندۆمی ( ناوچە كێشە لەسەرەكان، سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان) هێنایە بەر باس و مكانیزمی بەڕێوەبردنی ئەو پرسەی خستە ئەستۆی نوێنەرانی خەڵكی هەرێم لەپارڵەمان.

لەو نێوەدا حیزبە سیاسی و كەسایەتییە فەرهەنگییەكانی كوردستانی ئێران پشتیوانی خۆیان لە بەڕێوەبردنی رێفراندۆم و لە ئەنجامدا سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و لەهەمان كاتیشدا نیگەرانیی خۆیان لە زیانە بەرایی و كورت خایەنەكانی ئەو پرسە نەشاردۆتەوە.

كوردستانی ئێران و پشتیوانی لەهەرێمی كوردستان- (عێراق)

\"21043.jpg\"
بەهمەن قوبادی سینەماكاری ناسراوی كورد
بەهمەن قوبادی سینەماكاری ناسراوی كورد هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕیوە و گوتوویەتی: \" بەبڕوای من هەرێمی كوردستانی عێراق دەبێت سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت و ببێتە شوێنێك بۆ ئەو كوردانەی كە لەوڵاتی خۆیان و لەملاو و ئەولا جێگە و رێگایەكیان نییە و هەرێمی كوردستانی سەربەخۆ، ئەوان وەكوو جاران لە ئامێز بگرێت و ببێتە نیشتمانی سەرەكیی ئەم خەڵكە بێ پەنایە\".

قوبادی لەوتووێژ لەگەڵ دەزگا راگەیەنەكانی وڵاتی ئیتالیا ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەنووكە باشترین دەرفەت بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانە و ئەو هەرێمە ئاوات و هیوای كوردانی هەر چوار بەشی كوردستانە.

ئەو سینەماكارە كوردە، كە بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی \"سپۆلێتۆ\" Spoleto سەردانی وڵاتی ئیتالیای كردووەو لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا كە چەندین ئاژانسی هەواڵدەریی پڕۆفیشناڵی وەكوو: رۆژنامەی \"كۆریێر دێلاسێرا\" CORRIERE DELLA SERA، \"لێ رێپۆبلیكا\" LA REPUBBLICA و ئاژانسی هەواڵی \"ئانسا\" ANSA حوزووریان هەبووە گوتوویەتی: هیوام وایە وەكوو سینەماكارێكی كورد لە دونیادا پێناسە بكرێم و ئەگەر هەر فێستیڤاڵ یان ناوەندێكی هونەریی كە لە دنیادا بانگهێشتم دەكات، پێم باشە وەكوو سینەماكارێكی ئێرانی ناوم نەهێنن.

لەلایەكی دیكەوە حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بە شێوەی فەرمی پشتیوانیی خۆیان لەسەربەخۆیی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە.

\"21044.jpg\"
مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
مستەفا هیجری، سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات لە رێوڕەسمی ٢٥‌ـەمین ساڵیادی تیرۆركرانی دكتور عەبدوڵرەحمان قاسملوودا گوتوویەتی: \" ئێمە بە تەواوەی هێزەو پشتیوانی خۆمان لە پرسی رێفراندۆم لەهەرێمی كوردستان دەردەبڕین و وتوویەتی: لەمێژ ساڵە ئەو پرسە بۆتە خولیا و هیوای حیزبی دێمۆكرات و خەڵكی كوردستانی ئێران\".

ماڵپەڕی كوردستان میدیا زمانحاڵی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەزاری هیجرییەوە بڵاوی كردۆتەوە، هەر چەندە سەربەخۆیی كوردستانی باشوور پیرۆز و جێگەی خۆشحاڵییە، لەهەمان كاتیشدا دوو خاڵ بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی زۆر گرینگن.\"

سكرتێری ئەو حیزبە، یەكڕیزی و یەکهەڵویستیی حیزبەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها پشوودرێژی و خۆراگری خەڵكی لەهەمبەر كێشە و ئاریشە كورت خایەنەكانی بە دوو هۆكار و پشتیوانی سەرەكیی سەربەخۆیی لەو هەرێمەدا راگەیاندووە و ئەوەشی خستۆتەڕوو، كە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەهەوڵی ئاژاوە نانەوە لەنێو پێكهاتەكانی عێراق و لەمپەر خستنە بەردەم بەڕێوەچوونی رێفراندۆمی هەرێمی كوردستاندایە.

\"21042.jpg\"
عەبدوڵڵا موهتەدی سكرتیری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
هەر لەو پێوەندییەدا عەبدوڵڵا موهتەدی سكرتیری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانیش، وێڕای پشتیوانی لە رێفراندۆمی هەرێمی كوردستان وتوویەتی: خەڵكی كوردستان زۆر بە باشی بەرەوپیری رێفراندۆمەو دەچن.

موهتەدی لەو باوەڕەدایە، ئەو رێفراندۆمە كارێگەری لەسەر خەڵكی كوردستانی ئێرانیش دەبێ‌و چاوەڕوانی ئەوە دەكات كە خەڵكی كوردستانی ئێران بە ورە و زەیەكی دیكەوە بە دواداچوون بۆ مافەكانیان بكەن.

سكرتێری كۆمەڵە، هەڵوێستی خەڵكی كوردستانی ئێران لە هەڵویستی حكوومەتی ئێران جیا دەكاتەوە و دەڵێت‌، \"كۆماری ئیسلامیی سیاسەتێكی هەڵە و نادروستی لەهەمبەر كوردستاندا گرتۆتە بەر و پشتیوانی لە سیاسەتە بێ‌بنەما و كێشە خوڵقێنەكانی مالكیی دەكات\".