پشتیوانی شارەکانی کوردستانی ئێران لە عەفرین

20:17 - 22 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی درێژە‌کێشانی شەڕی نێوان هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک و هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە، بە مەبەستی مەحکووم کردنی دەوڵەتی تورکیە بۆ هێرش کردنە سەر شاری عەفرین، لە چەند شارێکی کوردستانی ئێران هاووڵاتییانی خۆپێشاندانیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەممە، لە شارەکانی کامیاران، سنە، مەریوان و بۆکان، هاووڵاتییانی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەو شەڕە و پشتیوانی کردنی لە شاری عەفرین بە دژی دەوڵەتی تورکیە خۆپێشاندانی چەند هەزار کەسیان بەڕێوەبرد.

هاووڵاتییان شارە ئاماژە بۆ کراوەکان، بە دروشمی \"بژی خۆڕاگری عەفرین\" دەستیان کرد بە مەحکووم کردنی دەوڵەتی جینایەتکاری تورکیە و پشتیوانی خۆیان بە خۆپێشاندان لە هێزەکانی سووریە دێموکراتیک لە شاری عەفرین و دانیشتوانی ئەو شارە دەربڕی.

ئەو خۆپیشاندانە کە بە هەوڵ و هیمەتی چالاکانی مەدەنیی ڕێکخراو بوو، بوو بە هۆی دەستبەرسەر کردنی ٩ چالاکی مەدەنیی لە شاری مەریوان و هەنوکە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بۆ ئازاد کردنی ئەو ٩ چالاکە مەدەنییە بۆ هەرکامەیان داوای بڕی ٣٠ میلیۆن تمەن بارمتە دەکەن.

ماوەی ٥٣ ڕۆژە، دەوڵەتی تورکیە هێرشی بەربڵاوی ئاسمانی بۆ سەر شاری عەفرین دەست پێکردوە و لەو هێرشەدا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی مەدەنی بێتاوان بریندار و کوژران و هەتا ئێستا ئەو شەڕە درێژەی هەیە.