پشتیوانیی ٧ رێکخراوی مافی مرۆڤ لە مانگرتنی گشتی رۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر

19:55 - 24 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: ٧ رێکخراوی مافی مرۆڤی لە کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بانگەواز و بەیاننامە پشتیوانیی خۆیان لە مافی رەوای زینداینی سیاسی و مانگرتنی گشتیی رۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر راگەیاند.

ئەو رێکخراوانە وێڕای ئاماژە کردن بە دۆخی هەنووکەیی کوردستان و خەباتی نەتەوەی کورد، خوازیاری یەکیەتی و یەکڕیزیی بەشە جیاجیاکانی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و سیاسییەکانیان بوون و پشتیوانیی خۆیان لە ٢٧ زیندانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام دەربڕیوە.

دەقی نووسراوە و بانگەوازی ئەو رێکخراوانە کە بە شیوەی هاوبەش یان بە جیا پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتنی گشتیی ٢٧ی خەزەڵوەر دەربڕیوە و بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، بەم چەشنەیە:

پشتیوانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد _ ئوروپا لە بانگەوازی ٢٧ی خەزەڵوەر
بۆ پشتیوانی کردن و خاوەنداری لە گیراوانی سیاسی و مەدەنی لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

هەر وەکوو ئاگادارەن بارودۆخی گشتی کوردستان رووی لە ئاڵوگۆڕێکی مێژووی دایە و لاپەڕەیەکی نێوو لە خەباتی نەتەوەی خۆی تۆمار دەکات. لە رۆژئاوای کوردستان خەباتی گەلەکەمان گەیشتۆتە قۆناخی سەرکەوتن و کۆمەڵێک دەسکەوتی بۆ گەل بەدیهێناوە، هاوکات لە باکووری وڵات بزوتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کورد بە تەواو هێزی خۆی هاتۆتە سەرشەقام و گەیشتۆتە لووتکەیەکی نەگەڕانەوە و بێگومان درەنگ یان زوو دەگاتە ئامانجی خۆی. لە باشووری کوردستانیش سیستەمی بە دەوڵەت بوون هەر رۆژ پێشکەوتن بە خۆیەوە دەبێنێ و ئامرازگەلێکی دێمۆکراتیک و سەقامگیر بۆ ئیدارەی کۆمەڵگا پەرە پێ دەدات.

رۆژهەڵاتی کوردستان کە سیمبولێک بووە بۆ خەباتی نەتەوایەتی و ئازادیخوازیی گەلی کورد و لە زۆربەی قۆناغە مێژوویەکاندا یاریدەدەر و پشتیوانی بەشەکانی تری وڵات بووە ئەمڕۆکە لە کەش و هەوایەکی ئاڵۆز و مەترسیداردا بەسەر دەبات و لەژێر دەسەڵاتی رێژیمی دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئیران دایە. کەلە هیچ زەبر و زەنگێک بۆ سەرکوت کردنی خواستە رەواکانی گەلەکەمان پارێز ناکات و بە سەدان کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی خستوتە گرتووخانە و رێگەی هەرچەشنە چالاکییەکی لە خوێندکاران و ژنان و کرێکاران و… گرتووە و توشی ئەشکەنجە و ئازاری کردوون.

بەرچاوترین شێوەی چاوترسێن کردنی کۆمەڵگای کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە رێژەی زۆری سزای سێدارە بۆ چالاکانی سیاسی و مەدەنیە، هەر ئێستاکە زیاتر لە ٣٠ کەس لەژێر مەترسیی لە سێدارە دان و هەرکات بۆی هەیە ئەو سزا نامرۆڤانە لە سەریان جێبەجێ بکرێت.

لە سەربانگەوازی ٢٧ی خەزەڵوەر کە لەلایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنییەوە بڵاو بۆتەوە و داواکاریی هەڵوێستی کۆمەڵگان سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی و بەتایبەت زیندانیانی مەحکووم بە ئێعدام و لە بانگەوازەکەیاندا خوازیاری خاوەنداریی کۆمەڵگا لە رۆڵەکانیانن، ئێمە، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد _ ئورووپا وێڕای پشتیوانی و هاودەنگیی خۆمان لەسەر ئەو بانگەوازە داوا لە سەرجەم ریزەکانی کۆمەڵگا دەکەین کە بە هانای ئەم بانگەوازەوە بێن و هەڵوێست و خاوەنداریەتیی خۆیان لە زیندانیانی سیاسی ومەدەنی دەرببڕن، هاوکات داوا لە سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان دەکەین کە بە یەک دەنگی و یەک ریزیی خۆیان هەوڵەکانیان بۆ وەدەستهێنانی ئامانجەکانی ئەو بانگەوازە بخەنە گەڕ، لە کۆتاییدا پشتیوانیی خۆمان دووپات دەکەینەوە و هیوادارین بە یەک ریزیمان بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکان هەنگاو بنێین.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد_ ئورووپا
١٤/١١/٢٠١٢

بانگەوازی پێنج رێکخراوی مەدەنی و مافی مرۆڤ بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام

زیندانیی سیاسی ویژدانی بە ئاگای کۆمەڵگایە
مەفی ژیان یەکێک لە سەرەتایی‌ترین مافەکانی مرۆڤە و ناتوانرێ لەبەرچاو نەگیردرێت. هەر چەندە لە رەوتی مێژوودا زۆر جار مرۆڤەکان بۆ دەستەبەر بوون یەکسانی و هاوسەنگیی دەستیان داوەتە سڕینەوەی تاکەکانی کۆمەڵگ،ا بەڵام ئەو رەوتە بەتایبەتی ئێستا بەرەو کەمڕەنگ بوونەوە دەچێت.

یاسازانان و بەتایبەتی مرۆڤدۆستان لەسەر ئەو باوەڕەن کە تاوانبارترین تاکەکان مافی ژیانیان هەیە و دەبێ مافیان بە باشترین شێوەی مومکین لەبەرچاو بگیردرێت. بەتایبەت ئەو کەسانەی کە بۆ چاکسازی و رێفۆرم لە کۆمەڵگادا بە پەرۆشەوە هەنگاو هەڵبگرن، ئەو کەسانە لە کۆمەڵگای ئازاد و پێشکەوتوودا نەتەنیا بە تاوانبار ناناسرێت، بەڵکوو خزمەتکار و پاڵەوانی میللی دێنە ئەژمار، بەڵام لەو سیستمانەی کە دەسکەوت و شارستانیەتی ئەو کەسانە کە سووکایەتییان پێدەکرێ، دەسەڵاتداران بە دوای پەروەردە کردنی تاکی گوێڕایەڵ و \"رۆبۆتیک\"ن. لەو جۆرە سیستمانە‌دا، دەسەڵاتداران کوشتن، ئێعدام و ئەشکەنجە ئەویش بە دڕندانەترین شێوە بۆ خۆیان بەڕەوا دەزانن.

لە ئێستادا یاسای مرۆڤایەتی بەرەو ئاقارێک دەچێت کە تەنانەت کە مافی جینایەتکاران و خوێنڕێژترین کەس لەبەرچاو دەگرێت. ئەرکی هەر تاکێکی ئازادیخوازە لە هەمبەر کردوەی نائینسانەی بەتایبەت حوکمی وەک ئێعدامی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، دەنگی ناڕەزایەتیی خۆی هەڵببڕێت.

هەر لەو راستایەدا پێشوازی لە رۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر بۆ مانگرتنێکی بەرین جەماوەرییەوە دەکەین و ئەو رۆژە بکەینە دەرفەتێک بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام کە سەرمایەی هەر نەتەوەیین.

لە کۆتاییدا وێڕای بەرز نرخاندنی ئەو رۆژە پشتیوانیی خۆمان لە خەباتی بێوچان بۆ کۆتایی هێنان بە ئێعدامی هاووڵاتییان لەژێر هەر ناوێکدا، رادەگەیەنین و خوازیاری لابردنی حوکمی ئیعدام لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی داین.

- کەمپەینی داکۆکی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی
- یەکیەتیی بنەماڵەی چالاکانی بەندکراو
- ئەنجومەنی داکۆکی لە زیندانیانی کورد لە سنە
- کۆمیتەی خوێندکاری داکۆکی لە زیندانییە سیاسییەکان لە سنە
- رێکخراوی دژبە سێدارە لە کوردستان
پێشتیوانیی رێکخراوی چاودێری کوردۆساید ( چاک / کۆمیتەی ڕۆژهەڵات) لە بانگەوازی ٢٧ی خەزەڵوەر


هاوڵاتییانی خۆشەویستی کورد !
کۆڕ و کۆمەڵه مرۆڤدۆستەکانی کورد !
ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی سیاسی و مەدەنی !
گیانی رۆڵه به ئەمەگەکانی کورد له رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووه تەمەترسیی جیددی و ٢٧ رۆڵەی نیشتمان پەروەری کورد، حوکمی سێداره دانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوه بەسەردا سەپاوه.

بێدەنگی و کەمتەرخەمی ئێمه دەبێته هۆێ کارەساتێک که هەتا هەتایه شەرمەزاری مێژوو دەبین.

هاوکات لەگەڵ چالاکڤانانی سیاسی و فەرهەنگی له ناوەوەی کوردستان، رۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر بکەین به رۆژی پرۆتستاسیون دژی سێداره دان و پووچەڵ کردنەوەی حوکمه ناڕەواکانی حکوومەتی ئایینی له ئێران.

چاودێری کوردۆساید ( چاک / کۆمیتەی ڕۆژ هەڵات )
٢٣ی خه زه ڵوه ری ٢٧١٢