پشتیوانیی كانوونی نووسەرانی كورستانی ئێران لە مانگرتنی نوسەرانی كورد لە ستراسبورگی فەرانسە

14:23 - 7 خاکەلێوه 2712
كوردپا: پاش ئەوەی كە 15 كەس لە نووسەر و داكۆكیكاری مافی مرۆڤ و چالاكی ژنانی كورد لەبەردەم رێكخراوی \"CPT\" لە شاری ستراسبۆرگی فەرانسە دەستیان دایە مانگرتن، كانوونی نووسەرانی كوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا پشتیوانیان لەو مانگرتنە كردووە.


نوسخەیەك لەو راگەیەندراوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە كە لێرەدا دەقی راگەیەندراوەكە بڵاو دەكەینەوە.
راگەیەندراوی كانوونی نووسەرانی كورستانی ئێران سەبارەت بە مان گرتوانی نووسەرانی كورد لە ستراسبۆرگی فەرانسە:

ئازادیی رادەربڕین و جیا بیركردنەوە لە سەدەی بیست و یەكی كوردستاندا هەر وا بە توندترین شێوە قەدەغەیە و هەرچەشنە دەنگێكی جیا لە ئەقڵیەتی حكوومەتەكانی زاڵ بەسەر كوردستاندا بە نامرۆڤانەترین شیوە سەركوت دەكرێ. رۆژانە نووسەران و بیر جیاوازان لە كوردستانی توركیا و ئێراندا رەوانەی زیندان و ئەشكەنجەگاكان یان ئێعدام دەكرێن.
ئەم حكوومەتانە بە شێوەی سیستماتیك و بە ئاشكرا هەوڵ دەدەن هەموو شوناسەكانی میللەتی كورد بسڕدرێتەوە. ئەمە دیاردەیەكی نوێ نیە و بە درێژایی حكوومەتەكانی توركیا و ئێران و سوریا و عێڕاق ئەم كردە نامرۆڤانەیە دژ بە خواستی سەرەتاییترین مافی ئینسان‌‌ پەیڕەو كراوە و دەكرێ.
ئەوەی ئیستا لەلایەن حكوومەتەكانی توركیا و ئێرانەوە بەناوی چاكسازی و رێفۆرم روو بە میللەتی كورد بەرێوە دەچێ، تەنیا دروشمێكە و لە میدیاكاندا روو بە كۆمەلگای نێودەوڵەتی ئاراستە دەكرێ، بەڵام بە كردەوە سەركوت لە شێوەی تواندنەوەی كولتووری و فكری بەڕێوە دەچێ.
ماشێنی سەربازی بۆ كوشتن و قڕكردنی نەتەوەی كورد رۆژانە لە كۆڵان و شەقامەكانە و ئەم دڕندەییەش‌ تەنانەت هەموو زیندەوەرەكانی كوردستانی گرتۆتەوە.

نوێترین نموونە لە بۆنەی سەری ساڵی كوردی لە كوردستانی توركیایە كە هێزە چەكدارەكانی ئەو حكوومەتە هێرشی كردۆتە سەر جێژنی نورۆزی گەلی كورد و سەدان كەسی رەوانەی زیندانەكان كردووە و بە گوللە روبەڕووی خەڵك بۆتەوە و خوێنی رژاندووە.

ئەوەی پێشتر و ئەمڕۆ لە كوردستانی بەتایبەتیی توركیادا روو دەدات، سیاسەتێكی شۆڤێنیانەی پێش سەدەكانی ناڤین و سەردەمی كۆیلایەتیی ئینسانە لە هەموو جیهاندا. بێدەنگیی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی داكۆكاری مافی مرۆڤ لە ئاست ئەم پێشێلكارییە ئاشكرایانەدا پرسیاری لەلای ئێمە و هەموو تاكێكی كورد ساز كردووە.

\"2634.jpg\"
میللەتی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان و بەتایبەتی لە كوردستانی توركیادا بە هەموو شێوەیەك دەنگی ناڕەزایەتیی لە بەرامبەر نەبوونی سەرەتاییترین مەفەكانی ئینسانیی خۆی دەربڕیوە. لە ئێستادا 15 كەس لە نووسەر و داكۆكیكاری مافی مرۆڤ و چالاكی ژنان كەلە ئورووپا و كوردستاندا ناسراون، لەبەردەم رێكخراوی (CPT) لە شاری ستراسبۆرگی فەرانسە دەستیان داوەتە مانگرتنی بێسنوور لە خواردن و وەكوو دوایین رێگەی ناڕەزایەتیی، هەڵگری سەرەتاییترین داخوازیی میللەتی كوردن، بەتایبەتیی لە كوردستانی توركیادا.

لێرەوە ئێمە وەك كانوونی نوسەرانی كوردستان، پشتیوانیی خۆمان لە داوا ئینسانی و رەواكانی مانگرتوانی ستراسبۆرگی فەرانسە رادەگەیەنین و پێمان وایە هەموو لایەنەكانی پەیوەندیدار، لە بەرامبەر پاراستنی ژیانی ئەوان بەرپرسیارن. هەروەها هیوادارین‌ لایەنە پەیوەندیدارەكانی جیهان‌ بێدەنگیی خۆیان بشكێنن و بە دەم داخوازیی ئەم مانگرتوانەوە بچن كە ژیانیان لەپێناو ئازادیی ئینسان لەبەرچاوی هەموو دنیادا خستۆتە مەترسییەوە.

كانوونی نووسەرانی كوردستانی ئێران
26/03/2012