پشتگیریی دادستانی سنە لە تاقمێكی ساختەچی و فرۆشیاری مادە هۆشبەرەكان

21:28 - 5 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: ئەندامانی تیمێكی گەورەی داگیركاری زەوی و بەرهەمهێنەری مادە هۆشبەرەكان كە لەلایەن دادستانی ئێستای سنەوە پشتیوانیان لێدەكرا، پاش ئەوەی كە لەلایەن كەسانی ئاگادارەوە، لەقاودران، هەڵاتن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا كۆمەڵێك خەڵكی ناسراوی شاری سنە پاش لەقاودانیان، ئەو تیمە بە یارمەتیی یەكێك لە لێپرسراوانی قەزایی سنە هەڵاتن.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دادگوستەریی شاری سنە، ئەم باندە گەورەیە چەندین ساڵە بە پشتیوانیی چەند لێپرسراوێكی حكوومەتی لە شاری سنە دەستیان داوەتە داگیركردنی زەوی و بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەكان.

بەپێی هەمان سەرچاوە، عەبدوڵڵا عەزیزی بەرپرسی لێژنەی زۆرانبازیی پارێزگای كوردستان یەكێك لە سەرەكی ترین ئەندامانی ئەو باندە بە هاوكاریی لێپرسراوانی دەوڵەتی بە ساختەكاری دەستی بەسەر دەیان هێكتار لە زەوی و زاری دەورووبەری شاری سنەدا گرتووە و لەو رێگایەوە داهاتێكی زۆریان بەدەستهێناوە.

بەپێی بەڵگەكان لەم بارەوە دەكرێ‌ ئاماژە بە زەوینەكانی دەورووبەری گۆڕستانی \"بەهەشت محەممەدی\" و زەوینەكانی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەكان لە دەورووبەری شاری سنە ئاماژە بكەین كە بە فێڵ و ساختەكاری ئەو باندە بوونەتە خاوەنی.

وەگەڕخستنی \"لابراتوار\"ی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەری متامتافین (شیشە) لەژێر ناوی وەڕێخستنی یاریگا و ساڵۆنی وەرزشی و وەدەستهێنانی داهاتی زۆر و زەوەند لە چالاكییەكانی دیكەی ئەو باندە بە سەرپەرستیی عەبدوڵڵا عەزیزی و بە پشتیوانیی دادستانی ئێستای شاری سنەیە.

پێشینەی دۆستایەتی و پێوەندیی نێوان عەبدوڵڵا عەزیزی و جەوهەری دادستانی ئێستای شاری سنە، بۆ چەند ساڵی پێش دەگەڕێتەوە، بە چەشنێك كە جەوهەری و هێندێكی دیكە لە لێپرسراوانی حكوومەتی بە دابین كردنی بوودجە لە رێگای \"عەبدوڵڵا عەزیزی\"یەوە بۆ بینینی یارییەكانی ئۆلەمپیكی 2008 لە چین سەفەریان كردووە.

جەوهەری ئەوكات قازیی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای كوردستان بوو و دواتر قازیی لقی چوارەمی لێكۆڵینەوە بووە و ئێستاش پۆستی دادستانیی سنەی لە ئەستۆیە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە پاش لەقاودانی ئەم مەسەلەیە لەلایەن هێ،دێ‌ لە نزیكان و كەسانی ئاگاداری ئەم باندە لە مانگی پووشپەڕ، ترس لە بەرەنجامە نەرێنییەكانی لەقاودانی ئەو مەسەلەیە و ئەوانی ناچار بە بێدەنگی و هەولێان داوە سەرپۆشی لەسەر دابنێن.

هاووڵاتییەكی كوردی سنە كە بەهۆی ئەمنیەتی ناوی ئاشكرا ناكرێت بە هەواڵنێری ئاژانسی كوردپای وتووە: كۆمەڵێكی دیكە لە لێپرسراوانی دەوڵەتی لە چالاكییەكانی ئەم باندەدا بەشدار بوون و هەر بەم بۆنەوە لە هەوڵی ئەوە دان كە هەرچی خێراتر كۆتایی بەو هەوڵانە بێنن كە لەم بارەوە بڵاو بوونەتەوە.

لە حاڵی حازردا كۆمەڵێك لە هاووڵاتییانی شاری سنە سكاڵاكانی خۆیان رادەستی دەزگای قەزایی كردوو و هاوكات نیگەرانیی خۆیان لە پی,َەندی لەگەڵ بەدوادانەچوونی ئەو دەزگایە بەهری دەست تێدابوونی لێپرسراوانی پارێزگا لەو ساختەكارییە، دەبڕیوە.