پشتڕاست‌كردنەوەی حوكمی سێدارەی زیندانییەكی سیاسیی كورد لە سەقز

13:56 - 27 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی كوردپا: زیندانییەكی سیاسیی كوردی خەڵكی ناوچەی سەقز پاش تەئید كردنی حوكمی لەسێدارەدانەکەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، ماوەی ٩ رۆژە مانی لەخواردن گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، مستەفا سەلیمی بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە پشتڕاست‌كردنەوەی حوكمی لەسێدارەداەنەکەی، رێكەوتی ١٨‌ی خاكەلێوە لە زیندانیی ناوەندی سەقز مانگرتنی راگەیاندووە و لە نۆیەمین رۆژی مانگرتنەكەیەدا رەوانەی سویتی ناو زیندان كراوە.

دەگوترێت، دۆخی جەستەیی ئەو زیندانییە سیاسییە زۆر نالەبارەو ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەرە لەگەڵ چەندین نەخۆشی درێژ خایەن بەرەوڕوو بۆتەوە و سەرەڕای ئەوەی بە بەردەوامی داواوی چارەسەۆیی پزیشكی كردووە، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناو زیندانەوە رێگریی لێكراوە.

لەو بارەیەوە هەواڵدەریی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان رایگەیاندبوو، مستەفا سەلیمی ئێستا تووشی کۆمەڵێک نەخۆشیی وەک: چڵک كردنی هەر دوو گوچیلە، پشت ئێشە، ئازاری ئەژنۆ و كێشەی بینایی بووە و بەرپرسانی زیندان ئیزنی چارەسەریی پزیشكیی پێ نادەن و لە بەرامبەردا دەوا و دەرمانی مۆسەكین (حەبی هێور كەرەوە)ی پێ‌دەدەن.

مستەفا سەلیمی كوڕی عەبدوڵڵا، خەڵكی ئاوایی \"ئیلو\"‌ی ناوچەی تیلەكۆی سەقزە و لە كۆتاییەكانی ساڵی ١٣٨٢ بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ حیزبێكی كوردی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێران دەستبەسەر كرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تاوانی \" هەوڵدان بەدژی تەناهیی میللیی\" و \"موحاربە\" حوکمی لەسێدارەدرانی بۆ بڕایەوە.

ئەو هاووڵاتییە كوردە ماوەی دوو ساڵ لەمەوبەر پاش ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ پێشگیری لە دانی ئەو خۆراكییانەی كەلە بووفەی زیندان بۆ خۆی دەیكڕێ، لەلایەن گاردی زیندانی سەقزەوە كەوتبۆوە بەر لێدان و كوتان و دواتریش خرابوویە ژووی تاكەكەسییەوە.