پرێسکۆنفڕانسی کچانی شینئاوێ هەڵوەشایەوە

15:26 - 29 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: پرێسکۆنفڕانسی کچانی شینئاوێ لە ژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان هەڵوەشایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٨ی بانەمەڕ، هێزە ئیتلاعاتییەکان پێشیان بە بەڕێوەچوونی پرێسکۆنفڕانسی کچانی شینئاوێ لە شاری پیرانشار گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماشین و موبایلی چالاکە میدیایی و مافی مرۆڤییەکان، کە بۆ ڕووماڵکردنی ئەو پرێسکۆنفڕانسە چووبوون، لە دەروازەی شاری پیرانشار لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە، بۆ ماوەی کاتژمێرێک ڕاگیران و پاشان لێپرسینەوەیشیان لێ کرا.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز پارێزەری دادگوستەری، ئیجلال قەوامی چالاکی مافی مرۆڤ، باست شێخ ئەحمەدی و ئامانج محەممەدپوور، لەو چالاکانە بوون، کە بۆ ئەو پرێسکۆنفڕانسە ڕۆیشتبوون.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئەو پرێسکۆنفڕانسە بڕیار وابوو، لەسەر دوایین بارودۆخی حقووقی و پێوستیی ڕێکخستنی ڕێککەوتننامەی دەرمانی بۆ کچانی شینئاوێ بەڕێوە بچێت، کە لە کۆتایییەکانیدا لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە هەڵوەشایەوە.

ماوەیەک پێش، \"حوسێن ئەحمەدی‌نیاز\"، پارێزەری کچانی شیناوێ باسی لە ڕەزامەندیی شاندی پزیشکی بۆ بەڕێکردنی کچانی شیناوێ بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ وڵاتی ئامریکا لە ڕێکەوتی ٢٢ جۆزەردانی ئەمساڵدا کرد.

پاش وتووێژی نوێنەری شارەکانی پیرانشار و سەردەشت لە مەجلیسی حکوومەتی ئێران، بنەماڵەی کچانی شینئاوێ لە بەیاننامەیەکدا، لێدوانەکانی ئەو نوێنەرەی مەجلیسان ڕەت کردەوە و ڕایاگەیاند: نوێنەری شاری پیرانشار لە جیاتی ماسماڵی و ڕەتکردنەوەی راستییەکان هەر لە یەکەمین ڕۆژەکانی دەوا و دەرمانی ئەو منداڵانە، بە پێکهێنانی بەربەستی درۆینە، لە پێشێلکردنی مافی ئەو کچانە دەست هەڵگرێت. ئێستا بە بەدواداچوونە جۆراجۆرەکان، شوێنێک لە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کچانە بینراوەتەوە، بۆچی ناوبراو بە بەربەست دروستکردن خەریکی درێژکردنەوەی ئازار و ڕەنجی کچەکانمانە\".

ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ٩١ی هەتاوی، ٣٧ قوتابی کچ بە هۆی ئاگرگرتنی یەکێک لە پۆلەکانی خوێندن لە قوتابخانەی شیناوێ تووشی سووتانی لەڕادەبەدەر بوون و دوو قوتابیش بە ناوەکانی \"سەیران یەگانە و \"سارینا ڕەسووڵزادە\" بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست دا.

بە وتەی حوسێن ئەحمەدی‌نیاز: \"لە ماوەی ئەو ٦ ساڵەدا، هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٦٠ نەشتەرگەری بۆ ئەو کچانە کراوە، دەبێت دەوڵەت قەرەبووی ئەو خەسارەتە گیانییەی زیانلێکەوتووان بکاتەوە.