پرۆفسۆرێکی کورد وەکوو یەکێک لەباشترین بیرمەندەکانی جیهان ناسێندرا

15:33 - 18 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: پرۆفسۆرێکی کورد وەکوو یەکێک لە سەدان بیرمەندی سەرکەوتووی جیهان و یەکێک لە بژاردە هەوڵکەوتووەکانی زانستی جیهانی هاوچەرخ ناسێندرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، پایەگای باوەڕپێکراوی پێشەنگانی زانست \"تامسۆن ڕۆیتێرز(ISI_ESI) کە هەر دوو مانگ جارێک ڕاپۆرتێک سەبارەت بە سەرکەوتووترین بیرمەندەکانی جیهان بڵاو دەکاتەوە، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، دوکتور عەبدوڵڵا سەلیمی وەکوو یەکێک لە کەسایەتییە زانستییەکانی جیهان دەستنیشان کرد. ئەو ڕێکخراوە پاش ١٠ ساڵ لێکۆڵینەوە و دانی بەڵگە لە سەر بیرمەندانی جیهان، ناوبراوی وەکوو یەکێک لە باشترین بیرمەندەکانی جیهان دیاری کرد.

یەکێک لەو بیرمەندانەی لەو ڕاپۆرتە نوێیەی تامسۆن ڕۆیتێرزدا دەستنیشان کراوە، کەسایەتییەکی زانستیی کوردی ڕۆژهەڵاتە کە لە لایەن پایەگای باوەڕپێکراوی پێشەنگانی زانستی تامسۆنەوە هەڵبژێردراوە.

پرۆفسۆر عەبدوڵڵا سەلیمی لە دایکبووی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی، لە شاری بانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و بڕوانامەی کارناسیی لە بەشی کیمیا لە زانکۆی مازندران لە ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی، کارناسیی باڵای لە دابەش کردنی کیمیا لە زانکۆی تەورێز لە ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی، دوکتورای لە بەشی شیمی_شیکاریی لە زانکۆی تربیت مودەڕێس لە ساڵی ١٣٧٧ هەتاوی هەیە.