پرسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان تاوتوێ كرا

15:04 - 4 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: كونفرانسی ساڵانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، به‌به‌شداریی ئه‌حمه‌د شه‌هید و شیرین عیبادی و نوێنه‌رایه‌تیی وڵاتانی كانه‌دا و بریتانیا و زیاتر لە سەد کەس لە پسپۆڕانی مافی مرۆڤ و نوێنەرانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی و ناوچەیی، له‌سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران بەرێوەچوو.

 
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٩ی مارسی ٢٠١٥ (٢٨ی رەشەمەی ٩٣)، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ، لە بنکەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، کونفرانسێکی لە سەر پرسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران رێک‌خست.

لە کۆنفرانسەکەدا ئەحمەد شەهید، شیرین عیبادی، رافایل هۆزان لە \"بزووتنەوەی نێونەتەوەیی دژی ئێعدام\"، پڕۆفیسۆر عەباس وەلی مامۆستای زانکۆ لە ئیستانبووڵ، مونیرە سلێمانی (شیرانی) لە \"حیزبی مەردوومی بڵووچستان\"، تەیموور ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندی نێونەتەوەیی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ قسەیان کرد.

لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا ئەحمەد شەهید ئاماژەی بە هەوڵەکانی خۆی کرد، بۆ ئەوەی بتوانێ حکوومەتی ئێران لەمەر سەردانی خۆی بۆ ئەو وڵاتە رازی بکا، بەڵام هەتا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.

\"25605.jpg\"
ئەحمەد شەهید:٣٠ رۆژنامەنووس لە وڵاتی ئێران لە زیندانەکاندا و حکوومەتی ئیسلامی دەبێ کۆتایی بە سانسۆر و بڵاوکردنەوەی پارازیت بێنێت
هەروەها وێڕای باس کردن لە زیادبوونی رادەی ئێعدامەکان لە دەورەی رۆحانیدا، ئاماژەی بەو ئاستەنگ و بەربەستانەش کرد کە حکوومەتی ئێران لەسەر رێگەی کارەکانی دای دەنا و ناتوانێ دەستی بە زانیاری لە ناوخۆی ئێران رابگا.

ناوبراو لە دوایین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە پێشکەشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، رایگەیاندووە: \" ٣٠ رۆژنامەنووس لە وڵاتی ئێران لە زیندانەکاندا و حکوومەتی ئیسلامی دەبێ کۆتایی بە سانسۆر و بڵاوکردنەوەی پارازیت بێنێت\".

لە بەشێکی دیکەدا بەشدارانی کۆنفڕانسەکە گلەیی و تێبینییان لەسەر راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهید هەبوو، کە زۆربەیان لەو باوەڕەدا بوون کە کەموکۆڕی بە راپۆرتەکەی ئەحمەد شەهیدەوە دیار بوو.

دواتر دوکتور شیرین عیبادی باسی رادەی ئێعدامی سیاسیی کوردەکان و پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا کردووە.

ناوبراو ئاماژەی بە بەندی ١٥ی قانوونی ئەساسی لە پێوەندی لەگەڵ خوێندن بە زمانی دایکی و موداراکردن لەگەڵ مەزهەب و ئایینەکان کرد، کە حکوومەتی ئیسلامی ئەو مافە کەمەش جیبەجێ ناکات.

هەروەها ئاماژەی بە مافی کەمینە مەزهەبی و ئایینییەکان کردووە کە چەندین ساڵە کورد و سونییەکان داوای دروست کردنی مزگەوتێک لە تاران دەکەن هێشتا ئیجازەیان پێ نەداون و لەگەڵ بەهاییەکان مودارای نەکردووە بەڵکوو سووکایەتییان پێ دەکا و سەرکوتیان دەکا.

\"25616.jpg\"
شیرین عیبادی: لە حکوومەتی ئیسلامیدا هەموو ئورگانەکان لە سەرەوەی قانوونن و لە بەرانبەر کەسدا وەڵامدەر نین
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی پێشڵکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە لە ئازەربایجان، عەربستان (الاهواز)، بەلووچستان و تورکمەنستاندا کرد.

عیبادی ئاماژەی بەوەداوە کە لە حکوومەتی ئیسلامیدا هەموو ئورگانەکان لە سەرەوەی قانوونن و لە بەرانبەر کەسدا وەڵامدەر نین.

لەم بارەوە ئاماژەی بە (صدا و سیما، مجلسی خبرگان، مجلس تشخیص مصلحت نظام، بنیاد مستضعفین، بنیادی شەهید و بیت  رهبری و ...) کرد، کە لە سەرەوە قانوونن و هیچ لێپرسینەوەیەک لەسەر ماڵ و دارییان نییە.

کۆڕگێڕی دیکە رافائیل هۆزان، سەبارەت بە لەسێدارەدان لە حکوومەتی ئیسلامیدا وتی: ئێمە هیوادار بووین، کە بە هاتنی رۆحانی بتوانین لەگەڵ ئێران دیالۆگ دەست پێ بکەین بۆ ئەوەی رادەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران کەم بێتەوە، بەڵام بەداخەوە نە تەنیا رادەی ئێعدامەکان کەم نەبووەوە، بەڵکوو بە رادەیەکی زۆر بەرەو هەڵکشان چوو.

ناوبراو ئەوەشی خستەروو، لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینی بە بەراورد لەگەڵ ٢٠١٣دا رادەی ئێعدام لە ئێران ١٠% زیادی کردووە، قوربانیانی ئیعدامەکان لە ئێران زیاتر کورد و بلووچەکان بوونە. ئەمەش نائومێدی کردین.

لە بەشێکی دیکەدا پرۆفیسۆر عەباس وەلی باسی رۆڵی کوردەکانی لە دژایەتی لەگەڵ سیستەم و قانوونی ئەساسی کۆماری ئیسلامی کردووە کە نە لە رێفراندوومی جۆری سیستەم و نە قانوونی ئەسانی بەشدارییان کرد. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی، کە کۆماری ئیسلامی بە توندی تۆڵە لە کورد بکاتەوە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بەوەدا ئەگەرچی هێندێک بەند و بڕگەی قانوون ئەساسی دەکرێ وەکوو فشار بۆ سەر رێژیم کەڵکی لێ وەربگرین، بەڵام لە بنەڕەتدا قانوونی ئەساسیی ئێران ئامرازێکی سەرکوتە.

ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە دەزگای قەزایی ئێران دەسەڵاتێکی بەربڵاوی هەیە، گوتیشی: لە ئێراندا هێزێک لە سەرەوی قانوون هەیە، کە دەسەڵاتی جێبەجی کردنی زۆری هەیە و قانوونی شەریعەتیش بۆ سەرکوتی ئازادی و مافەکان بەکار دێنێ.

سەبارەت بە ئاڵوگۆڕ لە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران، عەباس وەلی وتی: بۆ گۆڕینی رەفتاری رێژیم دەبێ قانوونی ئەساسی داڕێژراو لەسەر بنەڕەتی شەریعەت بگۆڕدرێ. ئێران پێویستی بە قانوونێکی دێموکراتیک هەیە، کە مافی هەموو لایەک دەستەبەر بکا، بەتایبەتی ئەوانەش کە باوەڕیان بە بوونی خودا نییە.

\"25615.jpg\"
تەیموور ئەلیاسی: ژمارەی زیندانییەکان لە کوردستان، کە بەشێکی بەرچاویان سیاسی و زیندانی بیروباوەڕن، زیادیان کردووە
تەیموور ئەلیاسی، بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران-ژنێڤ، ئاماژەی بە بەڵێنییەکانی رۆحانی کرد، کە هیچکامیان جیبەجی نەکراون.

ئەلیاسی باسی لە رۆلی حکوومەتی ئیسلامی لە زیادبوونی ماددەی هۆشبەر و کەمتەرخەمیی دەسەڵات بۆ هەڵگرتنەوەی مینی ژێر زەوی لە ٤ ئوستانی کوردستاندا کرد و گوتیشی، ژمارەی زیندانییەکان لە کوردستان، کە بەشێکی بەرچاویان سیاسی و زیندانی بیروباوەڕن، زیادیان کردووە.

لە کۆتاییشدا مونیرە سلێمانی (شیرانی) نوێنەری بەلووچێستان باسی هەڵاواردنەکانی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە، زیندانیانی سیاسی، دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، نەبوونی ئاو و بە هەژاری هێشتنەوەی خەڵکی ناوچەکە کرد.

لە کۆتایی وتەکانیدا نامەی کچێکی بەلووچی خوێندەوە، کە سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی باوکی، مامی و دوو ئامۆزای خۆی روو بە بەرپرسی هێزە ئەمنییەکانی بلووچستانی نووسیبووی کە بەبێ تاوان دەستبەسەر کراون و حوکمی سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.