پردی مێژوویی "گامێشان" لە بەرەبەری رووخان دایە

15:05 - 1 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: پردی مێژووی\"گامێشان\"ی ئیلام بەهۆی نابەرپرسیارەتی لایەن و ناوەندە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە بەرەبەری رووخان و لە ناوچوون دایە.

ماوەیەک پێش ئیستا هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، پردی مێژوویی \"گامێشان\" لە حاڵی نۆژەن کردنەوە دایە و لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتیاران دەتوانن به مەبەستی گەشتیاری و گەڕان سەردانی ئەو شوێنە مێژووییە بکەن.

ئەوە لە کاتێک دایە کە هەواڵدەریی \"میرات فەرهەنگی\" لە زاری \"میلاد وندایی\" کەونینەناسی ئێرانییـەوە بڵاوی کردەوە، دیوارەکانی ئەو پردە لە چەندین شوێنەوە قەڵەشیان بردووە و رووخانی ئەو پردە لە ماوەیەکی نزیکدا بەدوور لە چاوەڕوانی نییە.

\"11176.jpg\"
ئەو کەونینە ناسە باسی لەوەش کردووە کە پێویستە ئەو پردە لەلایەن ئیدارەی میرات فەرهەنگییەوە پارێزگاری بکرێت و لە ئەگەری لە ناوچونی ئەو پردەشدا، ئەو ئیدارەیە دەبێ وەڵامدەر بێت.

پردی گامێشان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان و هەڵکەوتەی ئەو پردە دەکەوێتە سەر چۆمی \"کەشکان\"ی سەربە شاری دەڕە شار لە پارێزگای ئیلام.

ئەو پردە بە جوانترین شێوی مێعماری سەردەمی خۆی دروست کراوە کە هەتا ئێستاش شان لە شانی بەناوبانگترین پردەکانی جیهان ئەدات.