پاوە/ گیانی لەدەست دانی کرێکارێک بەهۆی کەوتنە نێو دەزگای سەنگ شکێن

17:27 - 14 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی دێکەی کورد لە کاتی کار کردندا لە بەنداوی \"داریان\"ی سەربە شاری پاوە، بەهۆی رووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو رێکەوتی ١٣ی خەرمانان کرێکارێکی خەڵکی گوندی \"ژریژە\"ی سەربە شاری سەوڵاوا بەناوی \"حامید وەهابی\" کوڕی جەماڵ، کە لە بەنداوی داریان سەربە شاری پاوە لە ئوستانی کرماشان سەرقاڵی کار کردن بووە، بەهۆی کەوتنە نێو دەزگای سەنگ شێکن گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حمید وەهابی تەمەن ٣٠ ساڵ و خێزاندار بووە کەلە بەنداوی داریان سەرقاڵی کار کردن بووە و بەهۆی کەمتەرخەمیی خاوەنکار لەمەڕ دابین کردنی ئەمنیەتی گیانیی کرێکاران، بۆتە قوربانی.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٣١ کرێکاری کورد لە رووداوی جۆراوجۆردا گیانیان لەدەست داوە و هەروەها ١٣ کرێکاریش بەهۆی رووداوی کارەوە بە توندی بریندار بوون.

ئەو ئامارە رێژەییەو بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، کە بەهۆی نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەمەڕ گیان لەدەست دانی کرێکاران، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.