پاوە/ مەرگی گوماناوی ژنێکی بەساڵاچووی تەمەن ٨٠ ساڵ

15:03 - 17 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەیەکێک لەگەڕەکەکانی شاری پاوە تەرمی ژنێکی ئیفلیجی تەمەن ٨٠ ساڵ لەناو ماڵەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ تەرمی ژنێک بەناوی کوبرا یووسفی بە هەڵواسراوی دۆزراوەتە و بەوتەی دراوسێ‌و کەسانی ئاگادار ئەو مەرگە \"گوماناوی (مشکوک)\" بووە.

ئەو ژنە کە بەشێک لەجەستەشی ئیفلیج بووە، بە لەچکەیەک لە میچی ماڵەکەی هەڵواسراوە و دەگوترێت: ئەو ژنە توانای رێگا رویشتنشی نەبووە و بۆ خۆی نەیتوانیوە خۆی هەڵبواسێ‌.

کوبرا یووسفی دایکی شەش منداڵ بووە و ماوەیەک لەمەوبەر یەکێک لەکچەکانی بەهۆی کێشەی بنەماڵییەوە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، کە لە ئەنجامدا ببووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەوتەی شایەتحاڵان ئەو شێوە مردنە، گومانی دروست کردووە کە کوبرا یووسفی خنکێندرابێت.

پێشتریش و لەماوەی یەک مانگی رابردوودا لەشاری مەریوان تەرمی چەندین کەس بە هەڵواسراوی دۆزرابوویەوە، کە ئەمە ترس و نیگەرانیی لای هاووڵاتییانی ئەو شارە دروست کردبوو.

گومانی ئەو هاووڵاتیانە لەکاتێکدا رووی لەزیاد بوون کردبوو، کە بەرپرسانی شاری مەریوان هیچ بەدواداچوونێکیان بۆ ئەو مەرگە گوماناویانە نەکردووە و تەنانەت بە خۆکوژی لەقەڵەمیان دابوون.