پاوە/ تەقینەوەی مین بوو بە هۆی کەمئەندامبوونی کۆڵبەرێکی کورد

14:29 - 22 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پاوە پاش تەقینەوەی یەکێک لە مینە بە جێماوەکان لە سنووری نەوسوود، لاقێکی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سەبوور یاری\" تەمەن ٣١ ساڵ خەڵکی گوندی شمشێر، سەر بە بەخشی ناوەندیی شاری پاوە بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو و لەو ڕووداوەدا لاقی ڕاستی لە دەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لە سنووری شاری نەوسوود تووشی ئەو رووداوە بووە و بۆ چارەسەر کردنی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.

زۆربەی کۆڵبەرانی بەرکەوتووی مین لە بنەماڵە کەم داهات و دەسکورتەکانی کوردستانن؛ هەتا ئێستا کۆڵبەرانی قوربانیی مین لە لایەن حکوومەت و ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە پشتیوانیان لێ نەکراوە و لەو پەیوەندییەشدا، یاسایەک بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەرانی قوربانیی مین پەسەند نەکراوە.

بەهۆی قەیرانی ئابووری لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، هاووڵاتییانی کورد ناچارن بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کار و پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری بکەن کە سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، سەرمابردوویی و تەقینەوەی مینە هەڵنەگیراوەکان، زۆرجار گیانی کۆڵبەران دەستێنێت.