پاوە/هەشت چالاکی فەرهەنگی پاش گەڕانەوە لە فستیڤاڵی هەورامان – ماچۆ بانگهێشتی ئیتلاعاتی سوپا کران

22:24 - 28 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری پاوە، پاش گەڕانەوە لە فستیڤاڵی هەورامان – ماچۆ، کەلە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بانگهێشتی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژانی رابردوودا هەشت لێکۆڵەر و چالاکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی شاری پاوە، کە بە شێوەی فەرمی بانگهێشتی فستیڤاڵی ماچۆ لە هەرێمی کوردستان کرابوون، پاش گەڕانەوە بۆ شاری پاوە، بەرەوڕووی لێپرسینەوەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بوونەوە.

ئەو فستیڤاڵە رۆژانی ٥، ٦و ٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە ناوچەی بیارە و شاری سلێمانی بەرێوەچوو، کە ژمارەیەک لەلێکۆڵەرانی بەشداری ئەو فستیڤاڵە لەبابەتەکانیاندا رەخنەیان لە هەڵسووکەتی ناوەندە فەرهەنگییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گرتبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری بانگهێشت کرانی ئەو چالاکانە بۆ ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری پاوە روون نەبۆتەوە.

هاوکات ماڵپەڕی \"کوردستان میدیا\" ناوی ئەو چالاکە فەرهەنگییانەی (نەرمین گیوەچی، هادی سپەنجی، رەشید ئەمینی، جەماڵ جەباری، نیعمەت رەحمانی، یاسر خالیدی‌زادە، موختار هیدایەتی جهانگیر مەحموود وەیسی) راگەیەندووە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویشدا ژمارەیەک چالاکی فەرهەنگیی شاری پاوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و دواتر هەشت کەس لەو چالاکانە هەرکام حوکمی ٦ مانگ زیندانیی تەعزیرییان بۆ بڕایەوە.