پاش ١٠٥ ڕۆژ گەڕان و پشکنین جەنازەی کۆڵبەرێکی کورد دۆزرایەوە

22:46 - 27 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: جەنازەی کۆڵبەرێکی کورد کە زیاتر لە سێ مانگ لەژێر هەرەسی ڕەنوو لە ناوچەی سنووری پاریزگای ورمێ دابوو، دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جەنازەی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی ڕزگار ساکانی فەر خەڵکی گوندی\"پسان\"ی ناوچەی تەرگەوەڕی شاری ورمێ پاش ١٠٥ ڕۆژ گەڕان بۆ جەنازەی ئەو کۆڵبەرە کوردە لە لایەن خەڵکیەوە دۆزرایەوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە گوندی\"کۆڕان\" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆست شاری ورمێ لە نزیک سنووری پارێزگای ورمێ _ دەوڵەتی تورکیە تووشی هەرەسی ڕنوو هاتبوو.

\"\"هەرەسی ڕنوو و سەرماو سۆڵەی زۆر لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی جەنازەی ئەو کۆڵبەر گیان لە دەستداوە لەگەڵ کێشە بەڕەوڕوو کردبووە.

پێشتر، هەواڵەکان باسیان لە دۆزینەوە و خەواندنی ئەو کۆڵبەر کوردە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری وان لە کوردستانی باکوور کرد بوو، بەڵام بنەماڵەی ساکانی فەڕ لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ئەو هەواڵەیان ڕەت کردبووە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی کوردپا، ١٤ کۆڵبەری کورد لە ساڵی ڕابردوودا بە هۆی هەرەسی ڕنوو و سەرما و سۆڵە گیانیان لە دەست دابوو.

کۆڵبەری یەکێک له گەورەترین\"چالش\"ەکانە کە ڕوبەڕووی خەڵکی ناوچە سنووریەکانی کوردستان دەبێتەوە و بنەماڵەیەکی زۆر لەو پەیوەندییەدا ژیان و گوزەرانی خۆیان لە ڕێگای کۆڵبەریەوە دابین دەکەن.