پاش ٨٠ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن باری تەندروستی محەممەد نەزەری نالەبارە

15:11 - 26 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: محەممەد نەزەری، دێرینەترین زیندانیی سیاسی کوردستان و ئێران ئامادە نەبوو مانگرتنەکەی بشکێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج ماوەی ٨٠ ڕۆژ لە هەمبەر پێڕانەگەیشتنی بەرپرسانی قەزایی بە داواکارییەکانی ناوبراو مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە داواکاری ئیعادەی دادرەسی لە سەر بنەمای یاسای سزای ئیسلامییە، کە لە ساڵی ٩٢ چووەتە قوناغی جێبەجێ کردنەوە.

لە کاتی بەڕێوەچوونی یاسای سزای ئیسلامیی نوێی، زیندانی هەتاهەتایی محەممەد نەزەری بۆ ١٥ ساڵ زیندان کەم دەکرێتەوە.

محەممەد نەزەری ماوەی ٢٤ ساڵە، بەبێ مورەخەسی لە زیندان دایە و پێڕاگەیشتنی دووبارە بە دۆسیەی ناوبرا لە سەر بنەمای سزای ئیسلامیی نوێی دەتوانێ ناوبراو لە زیندان ئازاد بکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە بە هۆی داهێزرانی جەستەیی، بە یارمەتی زیندانییانی دیکە دەتوانێ ڕێ بکات و توانای قسە کردنی کەم بووەتەوە و بە دژواری قسە دەکات.

ڕێکەوتی سێ ڕەزبەر، چوار زیندانیی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج لە نامەیەکدا، سەبارەت بە بارودۆخی خراپی محەممەد نەزەری، یەکێک لە دێرینەترین زیندانییانی سیاسی کوردستان هۆشداریان دایە سکرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و \"عاسمە جەهانگیر\" رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارۆباری مافی مرۆڤ لە ئێران.

ئەو زیندانییانە لەو نامەیەدا داوای ئازاد کردنی محەممەد نەزەریان کردبوو.
هەروەها، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، لە هەمبەر خراپ بوونی دۆخی جەستەیی محەممەد نەزەری و درێژەی مانگرتنی لە خواردن نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری \"ساین قەڵا\"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەسبەسەر کرا و هەتا ئێستە لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجایی‌شاری کەرەج لە دەسبەسەری دایە و لە مافی چوونە مەرەخەسی بێبەرییە.

محەممەد نەزەری، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە مانەوەی دوو دەیە لە زیندان، لێوەکانی خۆی دووری و هاوکات بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٥، دادستانی حکوومەتی ئێران بە ناردنی نامەیەک بۆ محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسی، دژایەتی خۆی بە لێبوردنی ناوبراو دەربڕی.