پاش ٤٣ ڕۆژ تەرمی مێرمنداڵێکی خەڵکی شاری شنۆ دۆزرایەوە

16:05 - 6 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بارینی باران و هەستانی لافاو و زریان لە شار و ناوچەکانی کوردستان لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، ژمارەیەک هاووڵاتی بە هۆی ئەو ڕووداوە سروشتییەوە گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، پاش گەڕان و پشکنینێکی زۆر بۆ دۆزینەوەی تەرمی مێرمنداڵێکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری شنۆ، تەرمی ئەو مێرمنداڵە دۆزرایەوە.

\"\"\"مێهران تەوەکولی\" تەمەن ١٢ ساڵە خەڵکی گوندی میرئاوای شاری شنۆ، دوایین کەسی ون بووی ڕووداوی سروشتیی لافاو بوو لە کوردستان، کە پاش ٤٣ ڕۆژ تەرمەکەیان دۆزرایەوە.

تەرمی ئەو مێرمنداڵە لە شوێنێک بە ناوی\"شەڕگە\" لە نزیک گوندی\"حەسەن نووران\" دۆزرایەوە.

ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بە هۆی بارینی باران و هەستانی لافاو لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، نزیکەی ١٠ هاووڵاتیی بوونە قوربانیی ئەو ڕووداوە سروشتییە.