پاش سێ مانگ دەسبەسەرکرانی چالاکێکی ژینگەپارێز، چارەنووسی ناڕوونە

14:10 - 29 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ مانگ بە سەر دەسبەسەرکرانی چالاکێکی ژینگەپارێز لە شاری سنە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو چالاکە ژینگەپارێزە لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی چالاکێکی ژینگەپارێز بە ناوی \"کاوە بابامورادی\" خەڵکی شاری سنە، پاش سێ مانگ دەسبەسەریی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی بابامورادی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، چەندین جار سەردانی ناوەندە ئیتلاعاتی و قەزاییەکانیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لە پەیوەندی لەگەڵ چارەنووسی کوڕەکەیان دەست نەکەوتووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو چالاکە ژینگەپارێزە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە بوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

کاوە بابامواردی ڕۆژی ٣٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە شاری سنە لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.