پاش ٢٨ ساڵ هێشتا مافی بەرکەوتوانی کیمیابارانی سەردەشت دابین نەکراوە

14:47 - 31 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری بیست‌وهەشتە‌مین ساڵوەگەڕی کیمیاباران کردنی شاری سەردەشت و سەرەڕای چالاکییە بەردەوامەکانی ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بریندارانی کیمیا بارانی سەردەشت، بەرکەوتوانی کیمیابارانی ئەو شارە لە نەبوونی کەرەستەی پزیشکی و کەمی دەوا و دەرمان ئازار دەچێژن.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بریندارانی کیمیابارانی سەردەشت ١٥ ساڵ پێش و لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی دامەزراوە. ئامانجی سەرەکیی ئەنجومەنەکە، پشتیوانی لە بەرکەوتوان و بەجێ‌ماوانی بوردومانی کیمیاباران کردنی شاری سەردەشت لە ٧ی پووشپەڕی ١٣٦٦ی هەتاوی، هەوڵدان بۆ دابین‌کردنی مافی بەرکەوتوان و هەروەها تۆمارکردنی شوناسی ئەو کەسانە لە ناوەندە حکوومەتییە پێوەندیدارەکانە.

پێش ئەوی ئەو ئەنجومەنە دابمەرزێ رێژەی کەمتر لە ١٠٠ کەسی بریندارانی کیمیابارانی سەردەشت تۆمار کرابوون، بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشانی ئەندامانی ئەنجومەنەکە، ئێستا ژمارەی قوربانیەکان کە ناویان تۆمار کراوە بە ١٤٠٠ کەس گەیشتووە. بەپێی ئامارە دەوڵەتییەکان، ژمارەی قوربانیانی کیمیابارانی شاری سەردەشت زیاتر لە ٨ هەزار کەس خەڵمێنراوە.

\"27019.jpg\"
بە هەوڵ و تێکۆشانی ئەندامانی ئەنجومەنەکە، ئێستا ژمارەی قوربانیەکان کە ناویان تۆمار کراوە بە ١٤٠٠ کەس گەیشتووە
ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بریندارانی کیمیابارانی سەردەشت یەکەمین ئەنجومەن لە ئێرانە کە لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاویدا لە رێکخراوی پێشگیری لە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵ کوژی لە شاری لاهەی هولەند وەکوو ئەندام وەرگیراوە و تا کوو ئێستا لە ١٠ کۆبوونەوەی ئەو رێکخراوە بەشداری کردووە.

هەروەها بە هۆی سکاڵای ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بریندارانی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە دادگای لاهه، فێرانس ئانراد هاووڵاتیی هولەندی بە تۆمەتی فروشتنی ماددەی دروستکردنی چەکی کۆمەڵ کوژی بە دەوڵەتی ئەو کاتی عێراق دەستبەسەر کرا و بە تۆمەتی جینایەت لە دژی کوردەکان بە ١٧ساڵ زیندانی حوکم درا.

ئەنجومەنی بەرگری لە مافی بەرکەوتوانی کیمیابارانی شاری سەردەشت لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا لە پێناو وەدیهێنانی مافی بریندارانی کیمیابارانی سەردەشت و ئاوڕدانەوەیەکی شیاو لە بارودۆخی ئەوان و نیشاندانی ئەو دۆخە بە دنیا کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە.

بە وتەی قوربانیان و چالاکانی بەرگریکار لە مافی بریندارانی کیمیابارانی سەردەشت، ناوەندە دەوڵەتییەکان و بەرپرسان لە بوارەدا نە تەنیا یارمەتیدەر و هاوکاریان نەبوونە بەڵکوو لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەدا، ناوەندەکانی سەر بە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەربەستی یاسایی و نایاساییان بۆ ئەو چالاکانه و بەرکەوتوانی کیمیابارانی سەردەشت دروست کردووە.

زیاتر لە ٨ هەزار بەرکەوتوو و کەم‌ئەندامی کیمیایی‌بارانی شاری سەردەشت هەن و تەنیا ناوی ١٥٠ کەس لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتەوە بە برینداری کیمیایی‌باران ناسێندراو و تۆمار کراون.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ و پاش تێپەڕینی ٢٧ ساڵ بەسەر کیمیابارانی شاری سەردەشتدا، تیمێکی ٤٢ کەسیی پزیشکی، بەمەبەستی پشکنین و لێکۆڵینەوەی پزیشکیی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت، سەردانی برینداران و بەرکەوتوانی ئەو شارەیان کرد، کە چاویان بە ٧٠٠ بریندار و کەمئەندامی چەکی کیمیایی کەوتبوو.

\"27020.jpg\"
بەهۆی نەبوونی کەرەستە و پێداویستیی پزیشکی، بەشێک لە بریندارەکان بۆ چارەسەرکردنیان ناچاردەبن روو لە شارە گەورەکانی ئێران وەک تاران، تەورێز و ورمێ بکەن
بە گوتەی بەرپرسانی ئەنجومەنی پشتیوانی لە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی شاری سەردەشت، بارودۆخی ئابووریی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە شاری سەردەشت و بەتایبەت لە گوندەکانی وەک (رەش هەرمێ و دەوروبەری) یەکجار خراپە و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بچووکترین ئاوڕیان لێ نەرداوەتەوە.

رێکەوتی ٧ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، شاری سەردەشت لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی بەعسی عێراقەوە بۆردومان کراو لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی پاش کیمیابارانەکەدا ١٤٠ کەس بەهۆی ئەو چەکەوە گیانیان لەدەست دا.