پاش ١٤٤ رۆژ،سامان نەسیم پێوەندی بە بنەماڵەکەیەوە کرد

21:26 - 21 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: دوای ١٤٤ رۆژ لە بێ‌سەر وشوێن بوونی سامان نەسیم زیندانیی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، بۆ یەکەم جار لەرێگەی تەلەفوونەوە توانیویەتی پیوەندی بە بنەماڵکەیەوە بگرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سامان نەسیم زیندانی سیاسی کورد رۆژی شەممە ٢٠ی پووشپەڕ، پاش ١٤٤رۆژ لە ناڕوونی چارەنووسی بە بنەمالەکەی راگەیاندووە کە هێشتاکە زیندوویە و لەزیندانی ساری زەنجاندا راگیراوە.

لەحاڵێکدا کە راپۆرتە و زانیارییە جۆربەجۆرەکان باسیان لە جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی سامان نەسیم لە ٣٠ رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا دەکرد، بەڵام پارێزەرەکەی هەواڵی لەسێدارەدانی سامانی رەت کردووەتەوە.

بە وتەی پارێزەری ئەو زیندانییە سیاسیە، سامان نەسیم لە کاتی دەستبەسەر کردنی تەمەنی لە خوارەوەی ١٨ساڵ بووە.

هەر لەو پێوەندییەدا پارێزەرەکەی سامان نەسیم رایگەیاند: هەتا ئێستا روون نیە کە جارێکی دیکە سامان نەسیم حوکمی ئیعدامی بۆ دەبڕدرێتەوە یان نا.

باس لەوە کراوە کە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی سامان نەسیم بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ دەستی پێکردووە و ئەگەری ئەوە هەیە دوای جێژنی رەمەزان رەوانەی شاری ورمێ بکرێتەوە.

موختار نەسیم برای سامان نەسیم وێڕای تەئید کردنی ئەو هەواڵە بە کەماڵ حوسینی چالاکی مافی مرۆڤ راگەیاندووە: ئێمە وەک بنەماڵەی نەسیم باوەڕمان بە قسەکانی خالیدی(پارێزەری سامان)هەیە کە دەڵێ کوڕەکەمان زیندووە.

چەند رۆژ لەمەوبەر بنەماڵەی سامان رایانگەیاندبوو کە بڕیارە لەشوێنێک کە هێشتا نادیارە چاویان پێی بکەوێت.

دوایین وتەکانی پارێزەرانی سامان نەسیم باس لەهەڵوەشانەوەی حوکمی سێدارەی سامان و بوونی بەرگەی پشکنینی پزیشکی لەسەر پەروەندەی ئەو زیندانییە سیاسییە و لەئەنجامدا دەرکردنی حوکمی \" حجر\" بۆ ئەو زیندانییە کوردە.

٢٩ رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، سامان نەسیم، عەلی و حەبیب ئەفشاری، سیروان نژاوی، ئیبراهیم عیسا پوور و یوونس ئاقایی، لە کەش‌و‌هەوایەکی ئەمنیەتی زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار گوزراونەتەوە نزیک بە پێنج مانگ لە چارەنووسی ئەو دەستبەسەر کراوانە هیچ هەواڵێک لە بەر دەست دانیە.

پێشتریش ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا رایگەیاندبوو کە هەواڵی زۆر لەسەر بەڕێوەچوونی سێدارەی ئەو هاووڵاتیانە بە دەستیان گەیشتووە، بەڵام ئاژانسی کوردپا بە هۆی ناڕوونی و گومان و تەئیدنەکردنی ئەو هەواڵانە خۆی لە بڵاوکردنەوەی بوارد.

سەرەڕای بڵاو بوونەوەی هەواڵی جۆراوجۆر لەسەر دۆخی ئەو ٦ زیندانییە سیاسییە، هەتا ئێستا بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی بە فەرمیی و بەشێوەیەکی روون باسیان لەو مەسەلەیە نەکرد.

سامان نەسیم ساڵی ١٣٧٣ لەشاری مەریوان لە ئوستانی کوردستان لەدایک بووە.

ناوبراو ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٠ کاتێک تەمەنی ١٧ ساڵ بوو لە سنووری سەردەشت لەلایەن هێزە سوپاییەکان دەستگیر و بۆ ماوەی دوو مانگ لەگرتنگەکانی حیفازەتی ئیتلاعاتی ورمێدا لە ژیر ئەشکەنجەدا بووە و دواتر بۆ زیندانی مەهاباد راگوێزرا.

سامان بە تۆمەتی موحاربە و ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبەکانی نەیاری حکوومەتی ئێران لەلایەن دادگای شاری مەهابادەوە بە سێدارە حوکم درا و ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستان و لقی ٣٢ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

هەواڵی پێوەندیدار:
ئەگەری چاوپێکەوتن لەگەڵ سامان نەسیم لەشوێنێکی نادیار پاش ١٣٤ رۆژ