پاش دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییەک، پاسپۆرتەکەشی دەستی بەسەردا گیرا

22:33 - 10 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ سەر بە پاریزگای ورمێ، هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو زیندانییە کردووە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری شنۆ پاش دەستبەسەر کردنی ئەمیر پەیغامی، ماڵی ئەو هاووڵاتییەیان پشکنیوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی پەیغامی بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییەدا، دەستیان بە سەر پاسپۆرت و کەرەستەی شەخسیی ناوبراودا گرتووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، پاش بەدواچوونی بنەماڵەی پەیغامی بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو زیندانییە کوردە کردووە.

ناوبراوە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک لە پەیوەندیی لە گەڵ چارەنووسی ئەمیر پەیغامی خۆیان بواردووە.

هەتا ئێستا هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕانەگەیاندووە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٨ی جۆزەردان، ١٠ کەس لە هێزە لیباس شەخسییەکان، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری شنۆ هێرشیان کردە سەر ئەمیر پەیغامی و دەستبەسەریان کرد.