پاسدارانی خانەنشینکراو بۆ کار بانگهێشت کراونەتەوە

15:18 - 12 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: لەگەڵ فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان، کانوونی خانەنشینانی سپای پاسدارانی سنە، خانەنشینانی ئەم ڕێکخراوەیەیان بۆ کارکردنی دووبارە بانگ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کانوونی خانەنشینکراوانی سپای پاسداران بە هەناردنی کورتەنامە بۆ خانەنشینکراوانی ئەم ڕێکخراوەیە، داوای لێ کردوون کە بە زووترین کات خۆیان بە سپای پاسدارانی سنە بناسێنن.

لەم کورتەنامانەدا کانوونی خانەنشینانی سپای پاسداران، جەخت لەوە کردووەتەوە، \"کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخە کە هاتووەتە پێشەوە و بە مەبەستی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئاژاوە و بشێوی پێویست دەکات بە زووترین کات خۆتان بە سپای سنە بناسێنن\".

لە هەمان ڕاستادا، ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگاکانی ورمێ، کرماشان و ئیلام لە ڕێگەی ناردنی کورتەنامەوە هەڕەشەیان لێ کردوون، کە بەشداریی لە کۆبوونەوە ناڕەزاییەتییەکاندا نەکەن و خۆپیشاندانەکانیان بە \"قەدەغە و نایاسایی\" ناودێر کردووە.

هەروەها وەزارەتی ئیتلاعات، ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی ناجا، بە بڵاوکردنەوەی پەیامگەلێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، داوایان لە خەڵک کردووە، کە ئەو کەسانەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە پێیان بناسێنن.

لەگەڵ دەسپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە ئێراندا، حکوومەتی ئێران، شارە کوردییەکانی میلیتاریزە کردووە و کەشوهەوایەکی ئەمنییەتی لەو شارانەدا دروست کردووە و ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی دژەشۆڕش و سپای پاسدارانی لە ناوەندی شارەکانی کوردستاندا بڵاو کردووەتەوە.