پارێزەرە کوردەکان: هیوادارین گوێ لە ئازارەکانی عەفرین بگرن

15:05 - 13 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای دژایەتی هێزە ئەمنیەتییەکان، بەشێک لە پارێزەرە کوردەکانی نیشتەجێی تاران، لە بەردەم نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم شارە کۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی ٥شەممە، ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان، بەشێک لە پارێزەرە کوردەکانی نیشتەجێی پێتەختی ئێران، بۆ پشتیوانی لە عەفرین لە بەردەم بینای نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوە و خوازیاری هەنگاوی جیددی و بەپەلەی ئەم ڕێکخراوە، بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە عەفرین بوون.

عوسمان موزەیەن، پارێزەری ناسراوی کورد و یەکێک لە بەشدارانی ئەم کۆبوونەوە، ڕایگەیاندووە: \"هیوادارین کە گوێ لە ئازارەکانی عەفرین بگرن.\"

ئەم کۆبوونەوە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت، کە شۆرای تەئمینی تاران، داواکاری چالاکانی کوردی دانیشتووی تارانیان، لەمەر بەڕێوەبردنی گردبوونەوە بۆ پشتیوانی لە عەفرین و مەحکوم کردنی هێرشەکانی تورکیە، ڕەت کردبۆوە.

بەوتەی چالاکانی کورد لە تاران، هێزە ئەمنیەتییەکان و پۆلیسی تاران، شوێنی گردبوونەوەکەیان گەمارۆ داوە و پێشگیرییان کردووە لە بەڕێوەبردنی ئەم کۆبوونەوە.

چالاکانی کورد، نامەیەکیشیان بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە کردووە و بڕیار وایە، ڕۆژی شەممە، ١٤ی ڕێبەندان، ڕادەستی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرین لە کوردستانی سوریە، دامەزراوە ئەمنیەتییەکان، لە ورمێ و سنە، داواکاری چالاکانی مەدەنی و سیاسی کوردیان، بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئێعترازی، لەمەڕ پشتیوانی لە عەفرین ڕەت کردەوە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانبار، دەوڵەتی تورکیە هێرشی هەوایی بەربڵاوی بۆ سەر عەفرین دەسپێکرد، کە بەهۆیەوە تا ئێستا دەیان هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بریندار بوون.