پارێزەرێکی خەڵکی ورمێ بە چەقۆ کوژرا

15:00 - 5 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی خەڵکی شاری ورمێ، لە لایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوە و لە بەرانبەر ماڵەکەی خۆیدا، کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی جۆزەردان، کەس یان کەسانێکی نەناسراو، پارێزەرێکی خەڵکی شاری ورمێیان بە ناوی \"مەنسوور مەحموودی\" تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەڵماس، بە لێدانی چەندین چەقۆ لە بەرانبەر ماڵەکەی خۆیدا، کوشت.

هەواڵی بڵاوبوونەوەی کوژرانی ئەو پارێزەرە، لە لایەن کانوونی پارێزەرانی شاری ورمێیەوە پشتڕاست کرایەوە و ئەو ناوەندە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، خوازیاری هەوڵسوکەوتی جیددی لەگەڵ بکوژەکانی ئەو پارێزەرە بوون.

کانوونی پارێزەرانی ورمێ، داوای بەدواداچوونی لێبڕاوانە و دەسبەسەر کردنی بکوژ یان بکوژانی ئەو پارێزەرەیان لە بەرپرسانی حکوومەتی کرد و خوازیاری گەڕانەوە ئارامی بۆ کۆمەڵگای پارێزەران بوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری کوژرانی ئەو پارێزەرە، هیچ ڕاپۆرتێک بڵاو نەکراوەتە و بەرپرسانی حکوومەتیش لەو پەیوەندییەدا، هیچ دژکردەوەیەکیان لە خۆیان نیشان نەداوە.