پارلمانی کوردستان پڕۆسەی ڕاپرسی لە حکوومەتی هەرێمدا پەسەند کرد

16:05 - 25 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: پارلمانی کوردستان پڕۆسەی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی بەشداربووی پارلمانی کوردستان پەسەند کرد.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی باشوری کوردستان شەوی ڕابردوو، پارلمانی هەرێمی کوردستان پڕۆسەی ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ ڕێفراندۆمی سەربە خۆیی باشوری کوردستانی پەسەند کرا.

پاش نزیکەی دوو ساڵ لە پەکخستنی پارلمانی کوردستان، شەوی ڕابردوو ٢٤ی خەرمانان، پارلمانی کوردستان لە لایەن حیزبەکانی باشووری کوردستان بێجگە لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی کارا کرایەوە.

لە یەکەم دانیشتنی پاش کاراکردنەوەی پارلمان، لە کۆی ١١١ کەس ئەندام، ٦٨ کەس لە ئەندامانی پارلمانی کوردستان بەشدار بوون کە بە زۆرینەی دەنگ بریاری بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان درا.

پارلمانی کوردستان پاش ڕەوایەتی وەرگرتن بۆ پرۆسەی ڕێفراندوم، بە ٦٦ دەنگی ئەرێنی ڕەوایەتی درا بە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕاپرسی لە ڕێفراندۆم.

ڕۆژی ١٧ی جۆزەردان، بەبەشداری زۆربەی هەرە زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پیرمام، ىڕیاری بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕێفراندوم لە ٢٥ی سێپتامبر درا.