وەزارەتی ئیرشاد هۆشداری دایە دووحەفتەنامەی ئاسارە

15:46 - 22 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە بڵاوڤۆکە کوردییەکان لە باشووری کوردستانی ئێران، لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامییەوە \"هۆشداری\"ی پێدرا و \"هەڕەشە\"ی لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دووحەفتەنامەی سیاسی کۆمەڵایەتیی \"ئاسارە\" لەلایەن وەزارەتی ئیرشادەوە لەمەڕ بڵاوکردنەوەی بابەتێک هۆشدارییان پێدرا.

ئەم بڵاڤۆکە، کە لە ئۆستانەکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستاندا و لە مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە چالاکییەکانی خۆی دەستپێکردووە، ئەو بابەتانەی کە تیایدا بلاو بوونەتەوە لەگەڵ دژایەتی و هەڕەشەی وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد بەرەوڕوو بۆتەوە.

هێندێک لە سەرچاوە خۆجێیەکان بڵاویان کردەوە، کە رەزا ئازادبەخت بەرپرس و محەممەد بەساتی سەرنووسەری دووحەفتەنامەی ئاسارە چەند رۆژ پێش ئێستا لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادەوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئاگادار کراونەتەوە، کە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە و ئەو سکاڵایەش رەوانەی \"دیوانی بەدواداچوون و چاوەدێری\" کراوە.

ناوەندە حکوومەتییەکان لە ئوستانەکانی باشووری کوردستانی ئێران ناڕەزایەتییان بە بڵاوبوونەوەی وتووێژێک لەگەڵ تەیب تاهیری لێکۆڵەری کورد لەسەر پەیڕەوانی ئایینی یارسانی دەربڕیوە.

لە دوایین ژمارەی ئەو بڵاڤۆکەدا، بەرپرسانی دووحەفتەنامەی ئاسارە دیمانەیەکیان لەگەڵ تەیب تاهیری نووسەر و لێکۆڵەری کورد سەبارەت بە کتێبی \"زەبووری هەقیقەت\" پێکهێناوە.

شەشەمین ژمارەی ئەم دووحەفتەنامەیە رۆژی ٦ی رێبەندان چاپ و بڵاوکرایەوە و تیایدا پاشکۆیەک لەسەر کار و چالاکییەکانی ئیمام قولی تەمبوورژەن هونەرمەندی ناسراوی کوردیشی تێدا گونجێندرابوو.

وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی لەو هۆشدارییەدا ناڕەزایەتیی بە \"بڵاوکردنەوەی و بەرین\"ی بابەتی یارسانی و \"لێکۆڵەرانی یارسانی\" دەربڕیەوە.

دووحەفتەنامەی ئاسارە رۆژی ١٤ی مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢ چالاکییەکانی خۆی لە باشووری کوردستانی ئێران دەست پێکرد، ئەو ناڕەزایەتییەی ناوەندە حکوومەتییەکان لە کاتێک دایە، کە بەشێکی بەرین لە ئەدەبیات و مێژووی ئەو ناوەچەیە گرێدراوی ئایینی یارسانە. ئاسارە کە وشەیتەکی کوردییە، بە واتای ئەستێرەیە.
\"18320.jpg\"