وەزارەتی ئیتلاعات ژن و مێردێکی خەڵکی ناوچەی بۆکانی دەستبەسەر کرد

16:33 - 25 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵكی گوندی \"رەحیم‌خان\"ی بۆکان، کە لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەلمان قوربانی خەڵکی گوندی رەحیم خان لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، رۆژی شەممە رێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی بەناوی ئەفسانە ئاقابەیگ‌پوور و بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی شاری بۆکان کەسەر دانی ئەو گوندەیان کردبوو، دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی شاری بۆکان، کەلە ئەنجامی کێشەی ئاوی گوندی رەحیم‌خان سەردانی ئەو گوندەیان کردبوو، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی گوندەکە کۆبوونەوەو ناڕەزایەتیی توندیان دەربڕی.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، چەند رۆژ دواتر و رێکەوتی ١١ی جۆزەردان، ئەفسانە ئاقابەیگ‌پوور و سەلمان قوربانی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کران و ئەفسانە ئاقابەیگ‌پوور پاش چەند رۆژ بە دانانی بارمتەیەکی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی ئیتلاعات فشاری خستۆتە سەر سەلمان قوربانی، کە دەبێ دان بەوەدا بنێت، ئەو ناڕەزایەتی دەربڕین و هەڵوێستەی بەرامبەر بە نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی شاری بۆکان، بە پشتیوانی و داخوازیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە.

روونیشی کردەوە، سەلمان قوربانی هەتا ئیستا لە ئیدراەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان لە دەستبەسەری ‌دایە و بەردەوام ئەفسانەی هاوسەریشی بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنیە دەکرێت و بەرەوڕووی بێ‌حورمەتی و لێپرسینەوەی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات دەبێتەوە.

 گوندی رەحیم‌خان، کە زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس دانیشتووی هەیە، بە وتەی دانیشتوانەکەی ئاوی کارێزی خۆشگێلدی کە ئاوی خواردنەوەی گوندەکەیان و هەروەها ئاودێریی ٦٠٠ هێکتار لە زوییەکانیانی دابین دەکرد، بەهۆی لێدانی چاڵاوێک لەلایەن کەسێکی خەڵکی گوێگتەپەوە وشک بووە، کە ئەمەش لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا جێگەی ناڕەزایەتی و گلەیی دانیشتوانی ئەو گوندە لەمەڕ کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە و هەتا ئیستاش کێشەی ئاوی ئەو گوندە بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە.