وەزارەتی ئیتلاعات چالاکێکی عەرەبی دەستبەسەر کرد

19:56 - 20 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی عەرەبی خەڵکی شاری خەفاجییەی ئوستانی خوزستان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەمە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، چالاکێکی عەرەبیان بەناوی \"سەعید سویدی\" و خەڵکی گوندی (حەجیە)ی سەربە شاری خەفاجیە (سوسەنگرد) دەستبەسەر کرد.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان چوونەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە تەمەن ٣٥ ساڵەیە و ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگواستووە.

\"25345.jpg\"
سەعید سویدی و خەڵکی گوندی (حەجیە)ی سەربە شاری خەفاجیە (سوسەنگرد) دەستبەسەر کرا
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کردووە؛ هێزە ئەمنییەکان بەبێ پیشاندانی هیچ چەشنە مۆڵەتێکی فەرمی و یاسایی ئەو هاوڵلاتییە عەرەبەیان دەستبەسەر کردووەو لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو: دەستبەسەر کردنی ئەو چالاکە عەرەبە، ترس و نیگەرانی لە نێو بنەماڵە دەراوسێ و جیرانەکانی ناوبراودا دروست کردووە.

دەگوترێ، سەعید سویدی بە تۆمەتی \"چالاکانی مەزهەبی\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە بە تۆمەتی \"چالاکیی مەزهەبی\" لە کاتێکدایە کە زۆرترین پێشنیاری مافی مرۆڤیی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە حکوموەتی ئیسلامیی ئێران ئەوەیە کە کۆتایی بە هەڵاواردنی مەزهەبی بێنێ و رێز بۆ ئازادیی مەزهەب، نەتەوەکان و هەروەها مافی سەرجەم کەمینەکان دابنێت.